ئاسیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی وردەکاری گواستنەوەی مێسی بۆ سعودیە ئاشکرا دەکات

یاریگا –

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ وەرزی داهاتوو لە یانەیەکی سعودیە یاری دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی AFP راگەیاندووە، لیۆنێل مێسی بە گرێبەستێکی زەبەلاح پەیوەندی بە یانەیەکی سعودییەوە دەکات.

سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بەبێ ئەوەی ناوی یانەکە ئاشکرا بکات، بە AFP گوتووە

گرێبەستی گواستنەوەی مێسی تەواو بووە، وەرزی داهاتوو لە سعودیە یاری دەکات، گرێبەستەکە زۆر زەبەلاح و بێ وێنەیە، تەنیا چەند وردەکارییەک ماوە و تەواوی دەکەین.

گرێبەستی لیۆنێل مێسی لە کۆتایی ئەم وەرزە بەسەر دەچێت، AFP لە سەرچاوەیەکی نێو یانە پاریسییەکە چەند زانیارییەکی وەرگرتووە

ئەگەر پاریس سانجێرمان نیازی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی هەبووایە، ئەوا زۆر زووتر گرێبەستەکەیان نوێ دەکردەوە.

یاریزانی تەمەن 35 ساڵان، لەلایەن یانە پاریسییەکەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە سزا درابوو، دوای ئەوەی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی یانەکەی، گەشتێکی بۆ سعودیە کردبوو.

دوێنێ، بەرنامەی بەناوبانگی ئیسپانی ئێل چیرینگیتۆ بۆمبێکی لە سۆشیال میدیا تەقاندەوە و راگەیاند، لیۆنێل مێسی بڕیاریداوە پەیوەندی بە یانەی هیلال سعودییەوە بکات.

جێرارد رۆمێرۆ، رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی روونیکردبووەوە، هیلال بە هێنانی ئالبا و بوسکێتس هەوڵی رازیکردنی مێسی داوە، جیا لەمەش هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی مارکۆ ڤێراتی دەستپێکردووە، ئەویش کێشەی لەگەڵ هاندەران و دەستەی کارگێڕی پاریس سانجێرمان دروستبووە. دواتر پاریس سانجێرمان بە فەرمی لیۆنێل مێسی ئاگادارکردەوە و بۆ ماوەی دوو هەفتە سزایدا.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، یانەی پاریس سانجێرمان لە تویتەر، وێنەی لیۆنێل مێسی لە مەشقەکانی ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاوکردەوە.

رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، لیۆنێل مێسی مەشقەکانی بە ئاسایی دەکات، دەستەی کارگێڕی بڕیاریداوە سزاکەی سەر لیۆ مێسی هەڵبگرێت و بەمەش بەشداری لە یاری داهاتووی پاریس، لە بەرامبەر ئاجاکسیۆ دەکات.

لیۆنێل مێسی دوای دوو رۆژ و تەواوبوونی گەشتەکەی لە سعودیە، ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە و داوای لێبوردنی لە دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی پاریس سانجێرمان کرد.

یاریزانی 35 ساڵان لە دوای دۆڕانی پاریس سانجێرمان بەرامبەر لۆریان لە خولی فەرەنسی، لەگەڵ خێزانەکەی بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی گەشتیاری سعودیە، سەردانی ولاتەکەی کرد. بەڵام دواتر دەرکەوت، مێسی رەزامەندی لە یانەکەی وەرنەگرتووە و گەشتەکەی کردووە.

ساڵی رابردوو، سعودیە لیۆنێل مێسی کردە باڵیۆزی گەشتیاری و لە ئاداری ساڵی رابردوو، سەردانی جەددەی کرد و لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەشداری لە یارییەکی دۆستانەی نێوان پاریس سانجێرمان و ئەستێرەکانی هیلال و نەسر لە ریاز کرد.

مێسی لە هاوینی ساڵی 2021 پەیوەندی بە پاریسەوە کرد و ئەو کات گرێبەستێکی بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ یانەکە واژۆ کرد.

مێسی لەگەڵ پاریس نازناوی خولی فەرەنسی و جامی سوپەری فەرەنسای بەدەستهێناوە. ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە 71 یاری کردووە و 31 گۆڵی هەیە، هەروەها 34 گۆڵیشی دروستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button