ئاسیافه‌ره‌نساگرنگترین

لیۆنێل مێسی هەرای لە پاریس سانجێرمان ناوەتەوە

یاریگا –

گەشتەکەی لیۆنێل مێسی بۆ سعودیە، چەند کاتژمێرێک دوای دۆڕانەکەی پاریس سانجێرمان بەرامبەر لۆریان هات.

پاریس سانجێرمان بە ئەنجامی 3-1 لە نێو یاریگای خۆیدا بە لۆریان دۆڕا، ئەمەش توڕەیی دەستەی کارگێڕی یانەکە و هاندەرانی لێکەوتووە، بەڵام لیۆ مێسی گوێی بەمانە نەداوە و راستەوخۆ بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی کریستۆف گاڵتیێ، راهێنەر و لویس کامپۆس، راوێژکاری وەرزشی، گەشتەکەی کردووە.

رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، لویس کامپۆس دژی گەشتەکەی مێسی بووە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام مێسی چاوەڕێی رەزامەندی ئەوی نەکردووە و راستەوخۆ رەزامەندی لە بۆردی یانەکە وەرگرتووە.

گەشتەکەی مێسی وەک ئەرکێکە لەسەر ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، چونکە باڵیۆزی گەشتیاری سعودیەیە و لە هەڵمەتی هەوڵەکانی سعودیە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 بەشدارە.

دەمێکە باس لە چوونی لیۆ مێسی بۆ هیلال دەکرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووبەڕووی رکابەرە مێژووییەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببێتەوە. شەوی شەممە، مێسی وێنەی کۆمەڵێک دارخورمای بڵاوکردەوە و لە فەیسبووک نووسیبووی

کێ پێی وایە سعودیە خاوەن ژینگەیەکی وا گەورەی سەوزە؟ دەمەوێت هەر کاتێک بۆم رەخسا، خۆم سەیروسەمەرەکانی بدۆزمەوە.

هەروەها، ئەحمەد خەتیب، وەزیری گەشتوگوزاری سعودیە لە تویتێکدا، پێشوازی لە ئەستێرەی ئەرجەنتینی و پاریس سانجێرمان کرد، کە بە مەبەستی ریکلام کردنی گەشتیاری، سەردانی وڵاتەکەی کردووە.

وەزیری گەشتوگوزاری سعودیە لە تویتێکدا نووسیویەتی

بەخێرهاتنی لیۆنێل مێسی، باڵیۆزی گەشتیاری سعودیە و خێزانەکەی دەکەم، کە دووەم جارە بۆ گەشتیاری سەردانی سعودیە دەکات.

ساڵی رابردوو، سعودیە لیۆنێل مێسی کردە باڵیۆزی گەشتیاری و لە ئاداری ساڵی رابردوو، سەردانی جەددەی کرد و لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەشداری لە یارییەکی دۆستانەی نێوان پاریس سانجێرمان و ئەستێرەکانی هیلال و نەسر لە ریاز کرد.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندین سەرچاوەی رۆژنامەوانی باسیان لە گرنگی پێدانی یانەی هیلالیان بە مێسی کردووە، گەر ئەمە رووبدات، سعودیە هەردوو جەمسەرەکەی تۆپی پێ لە خولی رۆشنی سعودیە کۆدەکاتەوە.

تاوەکو ئێستا هیلال چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی مێسییە، کە لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە بەسەر دەچێت.

مێسی لە هاوینی ساڵی 2021 پەیوەندی بە پاریسەوە کرد و ئەو کات گرێبەستێکی بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ یانەکە واژۆ کرد.

مێسی لەگەڵ پاریس نازناوی خولی فەرەنسی و جامی سوپەری فەرەنسای بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button