گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

لە تەمەنی ئەو 120 کیلۆ بووم؛ کاردانەوەی ئەفسانە و میدیا جیهانییەکان بەرامبەر نمایشەکەی مێسی

گەورەترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە

Yariga App

یاریگا –

لیۆنێل مێسی مێژوو دەنووسێتەوە و دەبێتە گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال دوای درەوشانەوەی لە بەرامبەر نەمسا.

لیۆنێل مێسی دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی ناوازە لە بەرامبەر نەمسا لە دووەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا، ستایشێکی بێوێنەی لە سەرانسەری جیهانەوە لێکرا. ئەو توانی دوو گۆڵ بەرامبەر تیمە ئەورووپییەکە بکات، بەمەش ژمارەی گۆڵەکانی لەم پاڵەوانییەتییەدا گەیاندە پێنج گۆڵ و کۆی گۆڵەکانی لە مێژووی بەشدارییەکانی مۆندیالدا بووە 18 گۆڵ، کە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە مێژووی تۆپی پێدا بۆ هەر یاریزانێک.

ئامار و ئاستی ئەم ئەستێرە تەمەن 38 ساڵە، ئەفسانەکانی تۆپی پێی ناچار کرد بە سەرسامییەوە لێدوان بدەن.

رۆناڵدۆ نازاریۆ (دیاردە) دەڵێت:

بۆ خاتری خوداکانی تۆپی پێ، ئەم ئامارە دەیسەلمێنێت کە ئەو لە سەرووی هەمووانەوەیە. ئەگەر کەسێک شایستەی نازناوی گەورەترین گۆڵکاری مێژووی مۆندیال بێت، بێگومان ئەوە مێسییە. تەمەنی 38 ساڵە، خوایە گیان! لە تەمەنی 38 ساڵیدا، من چوار ساڵ بوو بە تەواوی وازم لە یاریکردن هێنابوو و کێشم 120 کیلۆ بوو.

یۆرگن کڵۆپ، کە وەک شرۆڤەکار لەگەڵ تۆماس مۆلەر لە کەناڵی (Magenta TV) کاری دەکرد، تەوقەی لەگەڵ مێسیدا کرد کاتێک بەلایدا تێپەڕی و سڵاوی لە یاریزانی پێشوو ئالێکسیس ماک ئالیستەریش کرد. کڵۆپ بە هەمان شێوە سەرسام بوو بە نمایشەکەی مێسی و گوتی:

لیۆنێل مێسی، بۆ من گەورەترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە.

لیۆنێل مێسی بەرامبەر نەمسا

مێرۆسلاف کلۆزە، کە مێسی ژمارە پێوانەییەکەی ئەوی وەکوو گۆڵکاری مێژووی مۆندیال شکاند گوتی: “پیرۆزە، پاڵەوان!”

کلۆد ماکالێلێ گوتی: “ئەو یارییەی ئەمڕۆ کردی، بە تەواوی نیشانی دەدات کە ئەو چییە؛ باشترین یاریزانی جیهان.”

مارسێلۆ گایاردۆ: “ئەو دیارییەکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ئاشق و خولیای ئەم وەرزشەن.”

دەنگدانەوەی میدیا جیهانییەکان لە دالاسەوە

کۆلارەی جیهانی (TyC Sports – ئەرجەنتین):
ئەرجەنتین جارێکی دیکە تۆپی پێیەکی نایابی نیشاندا، بە ئەنجامی 2-0 لە نەمساوی بردەوە لە یاریگای AT&T لە دالاس و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 32ـی مۆندیالی 2026 مسۆگەر کرد. بە دوو گۆڵە مێژووییەکەی لیۆنێل مێسی، کە پێشتر لێدانی سزایەکی بەفیڕۆدابوو، ئەرجەنتین سەرجەم خاڵەکانی یارییەکەی بەدەست هێنا.

مێسی مێژوو دەنووسێتەوە (لاگازێتا دێلۆ سپۆرت – ئیتاڵیا):
سەرکەوتن، گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، ژمارەی پێوانەیی و تەنانەت ئاهەنگگێڕانێکی پێشوەختەی رۆژی لەدایکبوون؛ لیۆ مێسی رووناکی بێ رکابەری ئەم پێکهاتە بەهێز و تۆکمەیەی ئەرجەنتینە. رۆژی چوارشەممە خاوەن ژمارە 10ـیەکە دەبێتە 39 ساڵ، بەڵام وەکوو منداڵ رادەکات و کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو لێدانی سزایەی لە سەرەتادا لەدەستیدا. چل ساڵ دوای گۆڵەکەی مارادۆنا لە بەرامبەر ئینگلتەرا لە مۆندیالی مەکسیک 1986، ئەرجەنتین بەردەوامە لە پەرستنی ئایکۆنی سەدەی نوێی خۆی. پێنج گۆڵ لەم مۆندیالەدا؛ هەموویان لەلایەن ئەوەوە کراون.

ئەرجەنتین لەگەڵ ئەفسانەکەیدا بەرەو پێش دەچێت (ئۆلێ – ئەرجەنتین):
تیمی نیشتمانی هیوامان پێ دەبەخشێت و بە متمانەوە بەرەو پێش دەچێت. هەندێکجار بەهۆی ئەو تۆپی پێیەی پێشکەشی دەکات سەرنجڕاکێشە، بەڵام زیاتر بەهۆی ئەو وزەیەی دەیگوازێتەوە. ئەرجەنتین سەرکەوت بەسەر رکابەرێکی دیکەدا کە سەختتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەکرا. تیمەکە هاوکات نیشانیدا کە دەتوانێت بگەڕێتەوە کاتێک مێسی لێدانی سزایەکی لەدەستدا. چەندین دەرفەتی بەفیڕۆدراو دۆخەکەیان ئاڵۆز کردبوو تاوەکوو کاپتنەکە گۆڵێکی ناوازەی کرد و یاریگاکەی هەژاند.

ئاستێکی مێژوویی لە مێسییەوە ئەرجەنتین دەگەیەنێتە قۆناخی داهاتوو (لیکیپ – فەرەنسا):
سەرەڕای لەدەستدانی لێدانی سزا لە خولەکی نۆدا، لیۆنێل مێسی دوو گۆڵی کرد بۆ ئەوەی ببێتە باشترین گۆڵکار لە مێژووی مۆندیال و پێش مێرۆسلاف کلۆزە بکەوێت. ئەو گۆڵانە هاوكات سەرکەوتنی ئەرجەنتینی لە بەرامبەر نەمسا مسۆگەر کرد.

نمایشی مێسی (گلۆبۆ ئیسپۆرتێ – بەڕازیل):
ئەو ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت و ئەرجەنتین دەگەیەنێتە قۆناخی داهاتوو. ئەستێرەکە دوو گۆڵی کرد، پێش کلۆزە کەوت و گەیشتە 18 گۆڵ لە مێژووی مۆندیالدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button