ئاسیائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

لیۆنێل مێسی بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی خۆی دەدات

یاریگا –

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی خۆی دەدات.

بەرنامەی بەناوبانگی ئیسپانی ئێل چیرینگیتۆ بۆمبێکی لە سۆشیال میدیا تەقاندەوە و راگەیاند، لیۆنێل مێسی بڕیاریداوە پەیوەندی بە یانەی هیلال سعودییەوە بکات.

لە بەرنامەکەدا باس لەوە کراوە، سێرجیۆ بوسکێتس لەگەڵ لیۆ مێسی بڕیاریداوە بچێتە هیلال و ئێستا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی خۆردی ئالباش دەکەن، ئەویش بە نیازە لەگەڵ لیۆ و سێرجیۆ بچێتە سعودیە.

جێرارد رۆمێرۆ، رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی روونیکردووەتەوە، هیلال بە هێنانی ئالبا و بوسکێتس هەوڵی رازیکردنی مێسی داوە، جیا لەمەش هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی مارکۆ ڤێراتی دەستپێکردووە، ئەویش کێشەی لەگەڵ هاندەران و دەستەی کارگێڕی پاریس سانجێرمان دروستبووە. دواتر پاریس سانجێرمان بە فەرمی لیۆنێل مێسی ئاگادارکردەوە و بۆ ماوەی دوو هەفتە سزایدا.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، یانەی پاریس سانجێرمان لە تویتەر، وێنەی لیۆنێل مێسی لە مەشقەکانی ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاوکردەوە.

رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، لیۆنێل مێسی مەشقەکانی بە ئاسایی دەکات، دەستەی کارگێڕی بڕیاریداوە سزاکەی سەر لیۆ مێسی هەڵبگرێت و بەمەش بەشداری لە یاری داهاتووی پاریس، لە بەرامبەر ئاجاکسیۆ دەکات.

لیۆنێل مێسی دوای دوو رۆژ و تەواوبوونی گەشتەکەی لە سعودیە، ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە و داوای لێبوردنی لە دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی پاریس سانجێرمان کرد.

یاریزانی 35 ساڵان لە دوای دۆڕانی پاریس سانجێرمان بەرامبەر لۆریان لە خولی فەرەنسی، لەگەڵ خێزانەکەی بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی گەشتیاری سعودیە، سەردانی ولاتەکەی کرد. بەڵام دواتر دەرکەوت، مێسی رەزامەندی لە یانەکەی وەرنەگرتووە و گەشتەکەی کردووە.

ئەڵتراسی پاریس سانجێرمان فشارێکی زۆریان لە دەستەی کارگێڕی یانەکە کرد، بۆ ئەوەی مێسی سزا بدەن، تەنانەت داوای دەرکردنیشی لە یانەکە دەکرا.

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی – کاریکاتێر (ئارام حەمەدەمین)
چێنەر عەبدولقادر باسی دوا پێشهاتەکانی دۆخی لیۆنێل مێسی دەکات و دەڵێت ”مێسی لە پەنا دیوارێک ڤیدیۆی تۆمارکردووە، هەر لە شان و شەوکەتی مێسی ناوەشێتەوە، بەڵام قەینا…”.

ساڵی رابردوو، سعودیە لیۆنێل مێسی کردە باڵیۆزی گەشتیاری و لە ئاداری ساڵی رابردوو، سەردانی جەددەی کرد و لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەشداری لە یارییەکی دۆستانەی نێوان پاریس سانجێرمان و ئەستێرەکانی هیلال و نەسر لە ریاز کرد.

مێسی لە هاوینی ساڵی 2021 پەیوەندی بە پاریسەوە کرد و ئەو کات گرێبەستێکی بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ یانەکە واژۆ کرد.

مێسی لەگەڵ پاریس نازناوی خولی فەرەنسی و جامی سوپەری فەرەنسای بەدەستهێناوە. ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە 71 یاری کردووە و 31 گۆڵی هەیە، هەروەها 34 گۆڵیشی دروستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button