رزگارم بکەن؛ پاڵەوانێکی مۆندیالی 2002 نهێنییەکی سەیر لەبارەی رافینیا ئاشکرا دەکات
چاوەێی ئۆفەرێکە بۆ ئەوەی رزگاری ببێت!

یاریگا –
ڤامپێتا، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل و پاڵەوانی مۆندیالی 2002، هۆکاری دابەزینی ئاستی رافینیا ئاشکرا دەکات و دەنگۆیەکی گەورەی لەسەر ئەستێرە بەڕازیلییەکە بڵاوکردووەتەوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ڤامپێتا لە لێدوانێکی لە پۆدکاستی Red Cast رایگەیاندووە، زانیاریی لە کەسە نزیکەکانی رافینیا دەستکەوتووە و بۆی دەرکەوتووە رافینیا ئێستا بەدەست کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و دارایی دەناڵێنێت، ئەو کێشەیە کاریگەری گەورەی لەسەر ئاستی یاریزانەکە دروستکردووە و هۆکاری راستەقینەی دابەزینی ئاستییەتی.
ڤامپێتا لە درێژەی قسەکانی دەڵێت: رافینیا ئێستا نزا دەکات و چاوەڕێیە یانەی هیلالی سعوودی ئۆفەرێکی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو یانە سعوودیە بکات و لەو بارودۆخە سەختە رزگاری ببێت.
هەر دوای ئەو قسانە، ئیگۆر پادیلا، ئامۆزای رافینیا راستەوخۆ وەڵامی ڤامپێتای داوەتەوە و نووسیویەتی سەرجەم ئەو قسانە ناڕاستن، پێویستە ڤامپێتا روونکردنەوە لەسەر ئەو درۆیانە بدات کە کردوویەتی.

تاوەکوو ئێستا لێدوانەکانی ڤامپێتا پشتڕاستنەکراونەتەوە و لە چوارچێوەی دەنگۆ قسەکانی کردووە، ڤامپێتا لە بەڕازیل بەوە ناسراوە بەردەوام لێدوانی سەیر دەدات بۆ ئەوەی سەرنجی میدیاکان رابکێشێت.
شەممەی رابردوو بەڕازیل لە یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی 2026 رووبەڕووی هایتی بووەوە و 3-0 یارییەکەی بردەوە، بەڵام گورزێکی گەورە بەر سامبا کەوت، رافینیا هێرشبەری بەڕازیلی لە خولەکی 40 بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت.
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل ئاشکرایکردووە، رافینیا بەهۆی پێکان بەشداریی یارییەکەی بەرامبەر سکۆتلاند ناکات، بەڵام بەڕازیل گەشبینە بەوەی هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا بۆ یارییەکانی قۆناخی 32 ئامادە بێت.



