ئیسپانیاگرنگترین

خوان لاپۆرتا بە چاوی پڕ گریانەوە: رووبەڕووی پیاوخراپەکان دەبینەوە

یاریگا –

خوان لاپۆرتا بە توندی بەرگری لە یانەکەی دەکات و دەڵێت، بە نیازێکی خراپ دەست بەم هەڵمەتە کراوە.

زیاتر لە هەفتەیەکە، کەیسی نێگرێیرا پەرەی سەندووە، بە تایبەت دوای ئەوەی ریال مەدرید چوونە نێو کەیسەکە رایگەیاند، هەموو کارێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یانەکە دەکات. لە لایەکی دیکەوە، خاڤیێر تێباس داوای جموجۆڵ لە بەرپرسانی بارسێلۆنا دەکات، چونکە یانەکە بە فەرمی هیچ جموجۆڵێکی نەبووە.

بەڵام خوان لاپۆرتا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ کاپتنەکانی یانە کاتالۆنییەکە لە بارەگای یانە، بەرگرییەکی بێ وێنەی کرد، لاپۆرتا لە گوتارەکەیدا گوتی

ناتوانم ئارام بگرم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پیاوخراپانەی دەستیان لە پیسکردنی لۆگۆی یانەکەدا هەیە. بارسێلۆنا یانەیەکی خاوەن بەهایە. ئێمە ئەم دەستەواژانە تەنیا لەبەر ئەوەی باشن بەکاریان ناهێنین، بەڵکو چونکە ئەمە بەشێکی گرنگ و بناخەییە بۆ ئەو نموونە وەرزشییەی تایبەتە بە ئێمە. لەبەر ئەم هۆکارانەیە بارسێلۆنا سەرنج و رێزی جیهانی بۆ خۆی راکێشاوە. ئەمانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی چەند کەسێک کە بەخیلی بە ئێمە دەبەن و دەیانەێت ناوبانگی ئێمە بە هەڵمەتێکی نیاز خراپ، ناشرین بکەن.

لاپۆرتا گوتارەکەی بۆ تەواوی کاپتنی تیمە جیاوازەکانی بارسێلۆنا پێشکەش کرد، هەریەکە لە سێرجیۆ بۆسکێتس و ئالێکسا پوتێیاس و کاپتنە لاوەکانیش ئامادەی بوون. لاپۆرتا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی

هەستەکانی بارسێلۆنا بە هیچ شێوەیەک نە دەفرۆشرێن نە دەکڕدرێن و لە هەمووی گرنگتر، کەس ناتوانێت پیسی بکات. لە ماوەی رابردوودا هێرشی ناڕەوا بۆ ناشرین کردنمان دەستیپێکردووە، تۆمەتەکان هیچ پەیوەندییان بە راستییەکانی ژیانەوە نییە. دەمەوێت لەوە دڵنیابن، ئەنجومەنی کارگێڕی کە من سەرپەرشتی دەکەم، بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە یانەکە دەکات.

لاپۆرتا قسەکانی بە چاوێکی پڕ لە گریان کۆتایی پێهێنا و دانی بەوەنا، زۆر هەستیارە لەبارەی بابەتەکە

وا تێنەگەن بەرزبوونەوەی هەستی سۆزم واتای لاوازی منە، هەستی سۆزم بەسەرمدا زاڵە، چونکە بەڕاستی دەمەوێت رووبەڕووی ئەو کەسە نەفس نزمانە ببمەوە کە لۆگۆمان ناشرین دەکەن. هەرگیز وا تێنەگەن ئەمە لاوازییە.

ئەم قسانەی لاپۆرتا هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی سەر یانەکە، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، چەند بەرپرسێکی پێشووی یانە کاتالۆنییەکە پارەیان بە ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی پێشووی ناوبژیوانانی ئیسپانیا داوە.

لە لایەکی دیکەوە، خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا پەیامێکی نوێی لەسەر ئێل کاسۆ نێگرێیرا هەیە، چونکە ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و باس لە پەیوەندی توندوتۆڵی بەرپرسانی بارسێلۆنا لەگەڵ ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەکرێت.

ریال مەدرید هەڵمەتەکەی دژی کەیسی نێگرێیرا فراوان کردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا، چەندین راپۆرتێکی لە دژی چەند ناوبژیوانێک بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش لە پێناو دروستکردنی فشاری زیاتر لەسەر بارسێلۆنا و داواکاری گشتی.

بابەتی زیاتر

Back to top button