ئیسپانیاگرنگترین

بەرپرسێکی پێشووی بارسێلۆنا: بەڵێ بۆ بەرگری لە یانەکەمان پارەمان داوە

یاریگا –

رۆژانە زانیاری نوێ لەبارەی کەیسی نێگرێیرا ئاشکرا دەکرێن و ئەمڕۆ باس تێوەگلانی کردەیی سەرۆکانی پێشووی یانە کاتالۆنییەکە دەکرێت.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، چەند بەرپرسێکی پێشووی یانە کاتالۆنییەکە پارەیان بە ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی پێشووی ناوبژیوانانی ئیسپانیا داوە.

داواکاری گشتی تۆمەتی پێدانی پارە بە نێگرێیرای ئاراستەی هەریەکە لە ساندرۆ رۆسێل، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکانی پێشووی بارسێلۆنا کردووە.

رووپەلی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ - 14ی ئادار
رووپەلی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ – 14ی ئادار

لە راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەی رۆژنامەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوەکان چەندین گفتوگۆی پێشووی نێوان سەرۆکانی پێشوو و بەرپرسانی باڵای یانەکە ئاشکرا کردووە، تیایدا پشتڕاستکراوەتەوە، پارە بە کۆمپانیاکانی نێگرێیرا دراوە، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو تایبەتمەندیانە بکاتەوە کە ریال مەدرید هەیەتی.

لە گفتوگۆییەکی نێوان سەرۆکانی پێشوو و بەرپرسانی جێبەجێکاری بارسێلۆنادا هاتووە ”پارەمان داوە، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆمان بکەین”. ئەمە یەکێکە لەو نهێنیانەی کە رۆژنامەی موندۆ ئاشکرای کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە

ئەمە ئەو بیانووانەیە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەشێک لە گەورە بەرپرسانی بارسێلۆنا پێی گەیشتوون. ئەوکاتە داوای شڕۆڤەکردنی خەرجییە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ کەسی دووەمی دامەزراوەی ناوبژیوانی ئیسپانیا (نێگرێیرا) کراوە.

ئەم شڕۆڤانە هاوکاتن لەگەڵ بڕیاری پێشووی دادگا لەسەر باج پێدانی بارسێلۆنا، کە تیایدا هاتبوو، بارسێلۆنا دەیەویست ”بێلایەنی” لە ناوبژیوانێتی لالیگادا هەبێت.

ئالبێرت سۆلێر، یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا سۆلێر دووپاتیکردووەتەوە

من ئاگاداری پەیوەندی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ خاڤیێر نێگرێیرا (کوڕی نێگرێیرا)م، ئەو هەفتانە راپۆرت لەبارەی یانە رکابەرەکان و ناوبژیوانانی دیاریکراو بە یانەکە دەدات.

رۆژنامەی موندۆ چەندین وردەکاری کۆبوونەوەی نێوان خوان گاسپارت، سەرۆکی پێشووتر و خوان لاپۆرتا (سەرۆکی نوێ) لە ساڵی 2003 بڵاوکردووەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە پاراستنی قەبارەی یانە لەنێو یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کراوە، کە نابێ بە هیچ شێوەیەک بچووک بکرێتەوە.

پارەی زەبەلاح

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەرژەوەندی باجی ئیسپانیا دووپاتیکردووەتەوە، نێگرێیرا پارەی زۆری بە کاش راکێشاوە، بۆ ئەوەی بە لایەنی سێیەمی بدات، ئەمەش لە ساڵانی نێوان 2016 و 2019 روویداوە.

لە رۆژنامەکەدا هاتووە، گومان دەکرێت، ئەو پارەی راکێشراوە، بەشێک بن لەو 7 ملیۆن یۆرۆیەی کە گوایە لە بارسێلۆنا وەریگرتووە. هەندێ جار نێگرێیرا بڕی 550 هەزار یۆرۆی بە کاش راکێشاوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک کە ئەو پارەیە ئێستا لە کوێیە و چۆن خەرج کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا پەیامێکی نوێی لەسەر ئێل کاسۆ نێگرێیرا هەیە، چونکە ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و باس لە پەیوەندی توندوتۆڵی بەرپرسانی بارسێلۆنا لەگەڵ ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەکرێت.

ریال مەدرید هەڵمەتەکەی دژی کەیسی نێگرێیرا فراوان کردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا، چەندین راپۆرتێکی لە دژی چەند ناوبژیوانێک بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش لە پێناو دروستکردنی فشاری زیاتر لەسەر بارسێلۆنا و داواکاری گشتی.

بابەتی زیاتر

Back to top button