لە ریال مەدرید دەگیرسێتەوە؛ ڤان دێر ڤارت باس لە پەیوەندیکردنی ئەستێرەیەکی هۆڵەندی بە مێرێنگێوە دەکات
بارسێلۆناش گرنگی پێدەدات

یاریگا –
ناوەڕاستکارەکەی یانەی ئالکمار ناوی بە بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە، بەڵام یاریزانێکی پێشووی ریال مەدرید پێشبینی دەکات لە بێرنابیۆ بیبینێت.
کیس سمیتی 20 ساڵ بەهۆی ئاستە بەرزەکانی لەگەڵ یانەی ئالکمار سەرنجێکی زۆری بۆ خۆی راکێشاوە. ئەم ناوەڕاستکارە لاوە هۆڵەندییە زۆر کەسی سەرسام کردووە، لەوانەش رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا کە سەبارەت بە شێوازی یاریکردنی گوتی: “کەمێک لە پێدری و کەمێک لە فرێنکی دی یۆنگی تێدا دەبینم.”

بەڵام رافایل ڤان دێر ڤارت، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید، لە میانی بەشدارییەک لە بەرنامەی رۆندۆی سەر بە کەناڵی زیگۆ سپۆرت، رایگەیاند کە پێیوایە سمیت لە کۆتاییدا دەچێتە ریال مەدرید و دەڵێت:
بە سادەیی سمیت یاریزانێکی لە رادەبەدەر باشە. ئێمە زۆرجار پەلە دەکەین لەوەی بە یاریزانێک بڵێین باش، بەڵام لەم حاڵەتەدا، ئەو بە راستی شایەنی ئەو وەسفەیە. ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بێگومان لە ریال مەدرید یان یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان دەگیرسێتەوە، کە بەلای منەوە ریال مەدرید گەورەترینیانە.
ڤان دێر ڤارت ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا شتێک کە سمیت پێویستی بێت، ئەزموونی مامەڵەکردنە لەگەڵ فشاردا و گوتی: “ئەو هێشتا زۆر جێگیر و تێگەیشتوو دیارە. بەپێی ئەوەی من دەیبینم، وا دەرناکەوێت فشار کاری لێ بکات. هەروەها لە چاوپێکەوتنەکانیدا زۆر بە باشی گوزارشت لە خۆی دەکات.



