گرنگترینمۆندیالی 2026

فیفا دەرگای بۆ فێڵکردن کردووەتەوە؛ ئەنجوومەنی ئەوروپا هێرشی توند دەکاتە سەر مۆندیالی 2026

سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئەوروپا مۆندیال بە ئابڕووچوون ناودەبات

Yariga App

یاریگا –

لەگەڵ گەیشتنی مۆندیالی 2026 بە وێستگەی کۆتایی،فیفا رووبەڕووی رەخنە و هێرشێکی ئێجگار فراوان بووەتەوە.

ئالان بێرسێت، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئەوروپا، لە نامەیەکی کراوەدا بەتوندی رەخنە لە فیفا دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی دەرگای بۆ فێڵکردن کردووەتەوە و رێگەی داوە دەستتوەردانی سیاسی گومان بخاتە سەر دەستپاکیی پاڵەوانێتییەکە.

گرەوکردن لەسەر وردەکارییەکان؛ مەترسییەکی نوێ
یەکێک لە خاڵە هەرە جێگەی مشتومڕەکان، رێککەوتنی فیفایە لەگەڵ کۆمپانیای ADI Predictstreet وەکوو هاوبەشی فەرمیی بازاڕی پێشبینییەکانی مۆندیال. بێرسێت لەم بارەیەوە هۆشدارییەکی توند دەدات و دەڵێت؛

پێشتر گرەوکردن تەنیا لەسەر ئەنجامی یارییەکان بوو، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ گرەوکردن لەسەر ئەو ساتانەی کە تەنیا یەک یاریزان دەتوانێت دروستی بکات بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەنجامەکە هەبێت، وەکوو پاسێک، کارتێک یان لێدانێکی گۆشە، ئەمە دەرگایەکی کراوەیە بۆ فێڵکردن و ئەم مۆندیالە ئەو دەرگایەی فراوانتر کرد.

تەلەفۆنەکەی تڕامپ و قوربانیدان بە یاسا
بەشێکی دیکەی هێرشەکانی بەرپرسە باڵاکەی ئەوروپا بۆ سەر فیفا پەیوەندی بە دۆسیەی فۆلارین بالۆگەن، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکاوە هەیە.

سڕکردنی ئەم یاریزانە لەلایەن فیفاوە هەڵوەشایەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد تڕامپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفاوە کرد. بێرسێت بە ئاشکرا دەڵێت؛

کاتێک یاساکان لەژێر فشاردا دەچەمێنەوە، هەموو ئەنجامێک جێگەی گومانە، سزایەک بەهۆی فشارەوە لە چەند رۆژێکدا بەبێ هۆکار هەڵوەشایەوە.

لە بەرامبەردا، ئینفانتینۆ پێشتر بەرگری لەم بڕیارە کردبوو و رایگەیاندبوو کە لیژنەی تەمبێکردنی فیفا بەشێوەیەکی سەربەخۆ و لەسەر بنەمای یاساکان ئەو بڕیارەی داوە.

رەگەزپەرستی و پێویستی بە گۆڕانکاری پێش ساڵی 2030
لە نامەکەیدا، سکرتێری ئەنجوومەنی ئەوروپا ئاماژە بە چەندین پێشێلکاری دیکەی ئەم مۆندیالە دەکات، لەوانە هێرشە رەگەزپەرستییەکان کە هەندێکیان لەلایەن بەرپرسانی سیاسییەوە کراون، وەکوو لێدوانەکانی سیناتۆرێکی پاراگوایی لەسەر ئێمباپێ و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسپانیا لەسەر فەرەنسا.

بێرسێت داوا دەکات کە پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2030 کە زۆربەی یارییەکانی لە ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، چوارچێوەیەکی نوێ بۆ پاراستنی دەستپاکی و رەوشتی وەرزشی دابنرێت.

قەیرانی متمانە سەرەڕای قازانجە خەیاڵییەکان
ئەم رەخنانە لە کاتێکدان کە پێشبینی دەکرێت فیفا داهاتێکی پێوانەیی رابگەیەنێت کە دەگاتە 15 ملیار دۆلار، بەڵام ئەم قازانجە داراییە نەیتوانیوە رێگری بکات لە دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی متمانە.

ئەم لێدوانانەی بێرسێت کێشەیەکی گەورە بۆ فیفا دروست دەکەن، چونکە لە ساڵی 2018ـەوە فیفا و ئەنجوومەنی ئەوروپا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و حوکمڕانیی باش لە وەرزشدا و و زۆر دەگمەنە هاوبەشێک بەم شێوەیە کراوەیە هێرش بکاتە سەر ئەوی دیکە.

لەلایەکی دیکەشەوە، فشاری پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر فیفا بەردەوامە؛ هەفتەیەک لەمەوبەر، 72 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەیان لە دەستتێوەردانی ئینفانتینۆ لە دۆسیەی بالۆگەن کرد و و پێشتریش 50 پەرلەمانتار ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی فیفا بە دۆناڵد تڕامپ دەربڕی.

ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە فیفا دوای ئەم مۆندیالە لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان رووبەڕووی لێپرسینەوەی قورس دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button