ژمارەکان خەیاڵیین؛ ئامارە تۆقێنەرەکانی مێسی بەرامبەر یاریزانانی ئیسپانیا
ئامارەکان لە بەرژەوەندیی مێسیین

یاریگا –
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی ئیسپانیا دەبێتەوە و هەوڵ دەدات ببێتە یەکەم هەڵبژاردە لە دوای بەرازیل کە بتوانێت دوو جار لەسەریەک ببێتە پاڵەوانی جیهان.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، کاتێک لیۆنێل مێسی گوتی “ئەمە تیپێکە کە زۆر باش دەیناسم”، تەنیا مەبەستی شیکردنەوەی ئاستی رکابەرەکەی نەبوو، بەڵکوو مەبەستی ئەوە بوو کە شارەزاییەکی تەواوی لەسەر نیوەی یاریزانەکانی پێکهاتەکەی لویس دێ لا فوێنتێی راهێنەر هەیە و پێشتر تاقیکردوونەتەوە.

13 قوربانی و 62 گۆڵ
کاپتنەکەی تانگۆ پێشتر لەسەر ئاستی یانەکان رووبەڕووی 13 یاریزان بووەتەوە لە کۆی ئەو 26 یاریزانەی کە پێکهاتەی ئێستای ئیسپانیا پێکدەهێنن. ئامارەکان بەتەواوی لە بەرژەوەندیی مێسین؛ لە کۆی 81 رووبەڕووبوونەوەی تاکەکەسی بەرامبەر ئەو یاریزانانە، مێسی توانیویەتی 62 گۆڵ بکات.
ئیمریک لاپۆرت [گەورەترین قوربانی]
ئەم بەرگریکارە زۆرترین جار بەدەست مێسییەوە ناڵاندوویەتی، لە کاتی یاریکردنی بۆ ئاتلێتیک بیلباو و مانچێستەر سیتی، لاپۆرت 15 جار رووبەڕووی مێسی بووەتەوە و ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە 11 گۆڵی بەرامبەر کردووە.

رۆدری [کاپتن و براوەی باڵۆندۆری 2024]
کاتێک لە ڤییاڕیاڵ، ئاتلێتیکۆ مەدرید و مانچێستەر سیتی بووە، 8 جار رووبەڕووی مێسی بووەتەوە، کە تێیدا مێسی 7 گۆڵی بەرامبەر کردووە.
سێینەکەی ریال سۆسیداد
بەرامبەر بە مایکڵ ئۆیارزابال کە بە 5 گۆڵ گۆڵکاری ئیسپانیایە لەم مۆندیالەدا، میکێل مێرینۆ و مارتین زوبیمێندی، مێسی 21 یاری کردووە و 14 گۆڵی کردووە.

ئونای سیمۆن و مارک کوکورێیا
مێسی لە سەردەمی بارسێلۆنا 7 جار رووبەڕووی سیمۆن بووەتەوە و 5 گۆڵی لێ کردووە، هەروەها 5 جاریش رووبەڕووی کوکورێیا بووەتەوە و هەر 5 گۆڵی کردووە.
لە لایەکی دیکە، باشترین رێژەی گۆڵەکانی مێسی بەرامبەر بە پێدرۆ پۆرۆ و بۆرخا ئیگلێسیاس بووە؛ بەرامبەر بە یەکەمیان لە تەنیا دوو یاریدا سێ گۆڵی کردووە، لە کاتێکدا بەرامبەر بە دووەمیان لە چوار یاریدا پێنج گۆڵی کردووە.
هەروەها مۆرکی خۆی بەسەر فابیان رویزیشەوە جێهێشتووە، کە کاتێک ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست درێسی یانەکانی ریال بێتیس، ناپۆلی و پاریس سان جێرمانی دەپۆشی رووبەڕووی بووەتەوە؛ ئامارەکەش 6 یاری و 5 گۆڵ بوو بۆ مێسی. هەریەک لە ئالێخاندرۆ گریماڵدۆ، بە یەک گۆڵ لە تەنیا یەک رووبەڕووبوونەوەدا، هەروەها فێران تۆرێس بە دوو گۆڵ لە سێ یاریدا، دەچنە پاڵ ئەم یاریزانانە.



