گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

ناوبژیوانی کۆتایی مۆندیال؛ لاپەڕەیەکی پڕ لە مشتومڕی مێژووی کەسیی سلاڤکۆ ڤینچیچی ناوبژیوان

لە ساڵی 2020 دەستبەسەر کراوە

Yariga App

یاریگا –

ئەم یەکشەممەیە کاتژمێر 10:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێرە، لە یاریگای مێتلایف لە نیوجێرسی ناوبژیوانی سلۆڤینی، سلاڤکۆ ڤینچیچ سەرپەرشتیی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لەنێوان ئەرجەنتین بەرامبەر ئیسپانیا دەکات.

سلاڤکۆ ڤینچیچ مێژوویەکی نزیکی لەگەڵ ئەرجەنتیندا هەیە، کاتێک ناوبژیوانی شکستەکەیان بوو بە یەنجامی 2–1 بەرامبەر سعوودییە لە یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2022، لە کاتێکدا ئیسپانیا هەرگیز لە هیچ یارییەکدا کە ئەو ناوبژیوانی بووبێت تووشی شکست نەبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن فیفاوە رێزێکی زۆری پێدراوە و بەهۆی کاروانی ناوبژیوانیی نایابیەوە دەناسرێتەوە، ڤینچیچ لاپەڕەیەکی پڕ لە مشتومڕیشی لە مێژووی کەسیی خۆیدا هەیە. لە ساڵی 2020 لە ماوەی ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا دەستبەسەرکرا کە لێکۆڵینەوەی لە تۆڕێکی گومانلێکراوی لەشفرۆشی و تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکرد.

سلاڤکۆ ڤینچیچ لە یاریی نێوان ئەرجەنتین و سعوودییە – مۆندیالی 2022

سلاڤکۆ ڤینچیچ کێیە؟

لە روانگەی ناوبژیوانییەوە، ڤینچیچ کاروانێکی وەرزشیی نایابی بنیادناوە. ئەم پیاوەی تەمەن 46 ساڵە بە باشترین ناوبژیوانی سلۆڤینیا دادەنرێت، لە ساڵی 2010ـوە خاوەنی نازناوی نێودەوڵەتیی فیفایە و سەرپەرشتیی چەندین یاریی گەورەی کردووە، لەوانەش یاریی پێشکۆتایی نەیشنزلیگی 2023 لەنێوان ئیسپانیا بەرامبەر ئیتاڵیا و یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای 2024 لەنێوان ریال مەدرید بەرامبەر بۆروسیا دۆرتموند.

یاریی کۆتایی ئەم یەکشەممەیە دەبێتە شەشەمین یاریی ئەو لە مۆندیالدا. جگە لە یاریی کردنەوەی ئەرجەنتین لە قەتەر 2022، کە دوایین یاریی مۆندیال بوو ئەرجەنتین تێیدا دۆڕابێت، ئەو ناوبژیوانیی یاریی وێڵز بەرامبەر ئینگلتەراشی لە ساڵی 2022 کردووە، لە ماوەی ئەم پاڵەوانییەتییەشدا سەرپەرشتیی یارییەکانی بەڕازیل بەرامبەر مەغریب، ئوردن بەرامبەر جەزائیر و مەکسیک بەرامبەر ئێکوادۆری کردووە. لە سەرانسەری ئەو یارییانەدا، 15 کارتی زەرد و یەک کارتی سووری بەکارهێناوە.

هەروەها پەیوەندییەکی بە تۆپی پێی ئەرجەنتینییەوە هەیە لە رێگای مۆندیالی یانەکانی 2025ـەوە، کە تێیدا ناوبژیوانیی یاریی ریڤەر پلەیت بەرامبەر مۆنتێری کرد و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی کۆڵۆمبی کێڤین کاستانیۆی دەرکرد.

سلاڤکۆ ڤینچیچ کارتی سوور بە رووی کێڤین کاستانیۆدا بەرز دەکاتەوە

مشتومڕەکەی ساڵی 2020

لە دەرەوەی تۆپی پێ، ڤینچیچ لە ساڵی 2020 لە مشتومڕێکی گەورە تێوەگلا دوای ئەوەی لە ماوەی هەڵکوتانە سەرێکی پۆلیس بۆ سەر کابینەیەک لە بیێلینا، بۆسنە دەستبەسەرکرا، وەکوو بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر تۆڕێکی گومانلێکراوی لەشفرۆشی، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەسەڵاتداران ئەمانەیان دۆزیوەتەوە: 9 ژن و 26 پیاو، 14 پاکەتی کۆکاین، 10 چەکی ئاگرین، سێ جلی دژە گوللە و زیاتر لە 10 هەزار یۆرۆ بە کاش.

کاتێک تۆمەتەکان سەرنجی نێودەوڵەتییان راکێشا، ڤینچیچ بە توندی هەر تێوەگلانێکی رەتکردەوە و گوتی:

من هیچ پەیوەندییەکم بەم بابەتەوە نەبوو، بانگهێشتنامەیەکم بۆ نانی نیوەڕۆ قبووڵ کرد، کە دەرکەوت گەورەترین هەڵەی ژیانم بوو. پەشیمانم، لەگەڵ هاوڕێکانم لەسەر مێزێک دانیشتبووم کاتێک پۆلیس لەپڕێکدا گەیشت و هەموو ئەو شتانەی روویاندا بەدوای ئەوەدا هاتن.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی ئەو کاتە، ڤینچیچ لەگەڵ تیانا ماکسیمۆڤیچ نانی دەخوارد، کە تۆمەتبار بوو بەوەی سەرکردەی تۆڕی لەشفرۆشییەکەیە و ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە ئەو لە لێکۆڵینەوەکە تێوەگلا. یەکێتیی تۆپی پێی سلۆڤینیا بە ئاشکرا پشتگیریی لە ناوبژیوانەکە کرد و رووداوەکەی وەکوو “هەڵەتێگەیشتنێک” وەسف کرد و بەردەوام بوو لە دەستنیشانکردنی ئەو بۆ یارییە نێودەوڵەتییە گەورەکان.

سلاڤکۆ ڤینچیچ

دەستنیشانکردنێکی خەیاڵی

ئەم یەکشەممەیە، ڤینچیچ جارێکی دیکە لەژێر تیشکی سەرنجی جیهانیدا دەبێت، ئەمجارەیان بۆ تۆپی پێ. لەلایەن هاونیشتمانە سلۆڤینییەکانی تۆماژ کلانچنیک و ئاندراژ کۆڤاچیچەوە یارمەتی دەدرێت، لە کاتێکدا ئەدهەم مەخادمەی ئوردنی وەکوو ناوبژیوانی چوارەم کار دەکات.

لە کاتی بیرکردنەوە لە دەستنیشانکردنی بۆ یاریی کۆتایی مۆندیال، ڤینچیچ گوتی:

لە سەرەتادا ئەمە شۆکێک بوو، پاشان دڵخۆشی هات. دەلەرزیم، ئەوە شەرەفێکی ناوازەیە کە ناوبژیوانیی یاریی کۆتایی مۆندیال بکەیت، ئەوە خەونی هەر ناوبژیوانێکی لاوە کاتێک دەست پێ دەکات. من زۆر شانازی دەکەم، زۆر شانازی بە خۆم و تیمەکەمەوە دەکەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button