بۆچی بە کیلیان ئێمباپێ دەگوترێت دیکتاتۆر؟ چیرۆکی پشت گەورەترین ترێندی مۆندیال
بەڕاستی ئێمباپێ هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ دەکات؟

یاریگا –
لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی 2026، سۆشیاڵ میدیا پڕ بوو لە ڤیدیۆ و وێنەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، کە تێیدا کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، وەکوو جەنەڕاڵێکی سوپا یان سەرکردەیەکی دیکتاتۆر پێشان دەدرێت.
لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە ئێمباپێ لە تەنیشت سەرکردەکانی وەک کیم جۆنگ ئون وەستاوە، یان فەرمان بە دیدیێ دیشامی راهێنەر دەکات.
بەڵام ئەمە تەنیا خەیاڵ نییە؛ هەندێک لە ڤیدیۆکان پشت بە رووداوی راستەقینەی نێو یاریگا دەبەستن، وەکوو رێنماییکردنی کرێکارانی یاریگا، یان فەرماندان بە ناوبژیوان بۆ گواستنەوەی هێمای کاپتنی، تەنانەت هاندەران لە ئەمریکا درێس و پۆستەری ‘ئێمباپێی دیکتاتۆر’ دەفرۆشن.

ئەم دیاردەیە هێندە گەورە بووە کە دیشام ناچار بوو وەڵام بداتەوە و گوتی؛
زۆر کەس پێیان وایە کیلیان دیکتاتۆرە و تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە، بەڵام ئەو وەکوو کاپتن نموونەییە.
سەرەتای چیرۆکەکە: کێشەی سەرەکی لە کەبابێکەوە دەستیپێکرد
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، شەپۆلی دیکتاتۆربوونی ئێمباپێ لە ئازاری ساڵی 2024 سەریهەڵدا، کاتێک پارێزەری یاریزانەکە سکاڵای لەسەر خاوەنی کەبابخانەیەک لە مارسیلیا تۆمارکرد.
خاوەنەکە، کە ئینفلونسەرێکە بە ناوی محەمەد هێنی، وەسفی جۆرە نانێکی کەبابەکەی کردبوو بەوەی وەکوو کەللەسەری ئێمباپێ خڕە، هێنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی؛ ئێمباپێ ناوەکەی خۆی کردووەتە دیکتاتۆرییەت.
ئەم قسەیە خێرا بڵاوبووەوە، بەتایبەتی کە لەو کاتەدا ئێمباپێ تۆمەتبار دەکرا بەوەی دەسەڵاتێکی رەهای لە یانەی پاریس سان جێرمان هەیە و بڕیاردەری سەرەکییە لە کڕین و فرۆشتنی یاریزانان و دەرکردنی ئەستێرەکانی وەکوو نێیمار و مێسی.
A video clip recently shared online by the FFF (French Football Federation) unwittingly revealed that the Dictator Mbappe memes have become a source of amusement — and inspiration — for his France team-mates.
So where did they come from? What do they mean? And is there actually… pic.twitter.com/oLFwpzQszj
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) July 18, 2026
ژک
دەسەڵاتە رەهاکەی لە پاریس و مەدرید
تۆڕە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستەواژەی دیکتاتۆر بەتەواوی هەڵە نییە، لە پاریس، ئێمباپێ زیاتر سەرنجی لەسەر ئامارەکانی خۆی بوو و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر بڵاوکراوەکانی یانەکەدا هەبوو، هەروەها دوای پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید لە هاوینی 2024، کەرەستەی زیاتر کەوتە دەست دروستکەرانی ناوەڕۆک.
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئێمباپێ لەگەڵ جود بێڵینگهام کێشەی هەیە، ئامادە نییە پاس بە ڤینیسیۆس بدات و تەنانەت هۆکار بووە بۆ دەرکردنی کارلۆ ئانچێلۆتی و شەڕکردن لەگەڵ ستافی راهێنەری نوێ، ئالڤارۆ ئاربێلوا.
لە مانگی نیسان، دروستکەرێکی ناوەڕۆک گۆرانییەکی بە ژیریی دەستکرد بە ناوی ‘کیلیان ئێمباپێ دیکتادۆر’ بڵاوکردەوە کە زیاتر لە دوو ملیۆن جار لە سپۆتیفای گوێی لێ گیرا.

خاوەنی گۆرانییەکە دەڵێت؛
ئەمە تەنیا زیادەڕۆییەکی کۆمیدییە بۆ ئەو دەسەڵاتەی خەڵک دەیدەنە پاڵ ئێمباپێ، ئەگینا ئەو یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و دیکتاتۆر نییە.
راستیی ژووری خۆگۆڕینی فەرەنسا: ‘مۆبوتۆ’
لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئێمباپێ بڕیاردەری یەکەمە، کاتێک دیشام شارەی کاپتنی پێدا، ئانتۆنی گریزمان هێندە نیگەران بوو کە دواتر وازی لە یاری نێودەوڵەتی هێنا.
ئێستا ئێمباپێ تاکە کەسە کە نوێنەرایەتی یاریزانەکان دەکات؛ خۆی دانوستان لەسەر پاداشتەکان دەکات و راستەوخۆ قسە لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆن دەکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمەکە دەڵێت؛
ئەو بە هیچ شێوەیەک دیکتاتۆر نییە، بەڵکوو تیمەکەی لەگەڵ خۆیدا راکێشاوە و بەرپرسیارێتییەکانی بە جیددی وەردەگرێت. ئەو سەرکردەیەکی راستەقینەیە.
یاریزانانی فەرەنساش ئەم بابەتەیان کردووەتە گاڵتە. لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە یاریزانەکان نازناوی ‘مۆبوتۆ’ [بە ناوی مۆبوتۆ سێسێ سێکۆ، دیکتاتۆری پێشووی کۆنگۆ]ـیان بۆ داناوە. ئێمباپێ خۆیشی پێدەکەنێت و رۆژانە ڤیدیۆ دەستکردەکانی بۆ دەنێردرێت.
لە کۆتاییدا، کاتێک ئێمباپێ سەرکردایەتی فەرەنسا بەرامبەر ئینگلتەرا دەکات لە یاری دیاریکردنی پلەی سێیەمی مۆندیال، ئەو تەنیا یەک ئامانجی هەیە: بەدەستهێنانی پێڵاوی زێڕین و شکاندنی ژمارە پێوانەییەکەی لیۆنێل مێسی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە تاکە شتێک ئەو کۆنتڕۆڵی بکات، تۆپی نێو یاریگایە نەک بڕیارە سیاسییەکان.



