پارە زەبەلاحەکەی چێڵسی هەمووی ناچێتە خەزێنەکەی ئاستۆن ڤیلا

یاریگا –
ئەمشەو لە پرێمەرلیگ یەکێک لە گواستنەوە گەورەکانی مێرکاتۆی هاوینە ئاشکراکرا کە گواستنەوەی مۆرگن رۆجەرز بوو لە ئاستۆن ڤیلا بۆ چێڵسی.
داڤید ئۆرنشتاین کە یەکێک بوو لە سەرچاوەکانی هەواڵەکە و بەشێک لە وردەکارییەکانی ئاشکراکرد، ئەوەی زانیوە کە تێچووی گواستنەوەکە 117 ملیۆن پاوەندە و ماوەی گرێبەستەکەش بۆ شەش ساڵ و بژاردەی درێژکردنەوە بۆ ساڵێکی زیادەش.
مۆرگەن کە ئێستا گەیشتووەتە لووتکەی ئاستی خۆی، وەرزی رابردوو لەگەڵ ئاستۆن ڤیلا توانیان ببنە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ و ناوبراو یەکێک بوو لە رەگەزە هەرە کاریگەرەکانی تیمەکەی ئونای ئێمری.
کاروانی پیشەگەرێتی یاریزانە 23 ساڵیەکە رەنگە لای بەشێک لە هەوادارانی تۆپی پێی ئینگلیزی زانراو نەبێت. بۆیە ئێمە وەک تۆڕی وەرزشی یاریگا رۆشنایی دەخەینە سەر دەرکەوتنی ئەستێرە ئینگلیزیەکە وەک پیشەگەر و هەروەها چیرۆکەکانی سوودمەندبوونە ماددیەکان لە گرێبەستە جیاوازەکانی رۆجەرز.
مۆرگن لە ئەکادیمیای وێست بڕۆمویچ پێگەیشت. لە ساڵی 2019 کاتێک هێشتا تەمەنی 17 ساڵان بوو، بەرزکرایەوە بۆ تیمی پیشەگەری ئەو یانەیە.
کاتێک مانچێستەر سیتی بە ئاستی ئەو لاوە بەهرەمەندەی ئەوکاتەی زانی، گواستیەوە بۆ ریزەکانی. بەڵام دەرفەتی پێنەدا و سێ جار لەسەریەک بەخواستن ناردیە دەرەوە تا هاوینی 2023 بەیەکجاریی بە مێدڵزبەرەی فرۆشت بەبێ ئەوەی نرخەکەی ئاشکرابکرێت.
تەنها بە چەند مانگێکی کەم، ئاستی خۆی لەو یانەیەی چامپیۆنشیپ سەلماند و وای لە ئاستۆن ڤیلا کرد لە زستانی 2024 بەفەرمی بیگوازنەوە بۆ ریزەکانیان. ئەو جارەش بەهای گرێبەستەکە ئاشکرانەکرا، بەڵام دەنگۆ هەبوو کە 8 ملیۆن پاوەندی جێگیر و ئەگەری بەرزبوونەوەی بۆ 15 ملیۆن بە گۆڕانکارییەکانەوە. کە هەر بە راستی رۆجەرز توانی لەگەڵ ڤیێلا گۆڕانکاریی دروستبکات.
مانچێستەر سیتی بەشێک لە پارەکەی برد!
بەهۆی ئاست و ئەنجامەکانیەوە، مێدڵزبەرە توانی ئەو بەشە پارەیەی لە فرۆشتنی مۆرگندا وەک مەرج جێگیری کردبوو، لە ئاستۆن ڤیلای وەرگرت. لەوەشدا 25%ی پارەکە چووە خەزێنەی مان سیتیەوە بەهۆی مەرجێک کە کاتی فرۆشتنی مۆرگن لە 2023 بە مێدڵزبەرە، لە رێککەوتنی نێوانیاندا سەپاندبووی.
گرێبەستەکەی چێڵسی و سوودمەندبوونی مێدڵزبەرە!
ئەمشەو کە گواستنەوەی هێرشبەرەکە بۆ چێڵسی یەکلایی بووە، هەرزوو سەرچاوەکانی هەواڵ، لەنێویشیاندا رۆژنامەی تەلەگراف بڵاویکردەوە کە کۆی پارەکە ناچێتە گیرفانی ئاستۆن ڤیلا.
سەرچاوەکە نووسیویەتی 15 ملیۆن پاوەند لە کۆی 117 ملیۆنەکە بۆ خەزێنەی مێدزڵبەرە دەڕوات بەهۆی رێککەوتنی لەگەڵ ئاستۆن ڤیلا لەسەر سوودمەندبوون لە فرۆشی داهاتووی رۆجەرز کاتێک لە زستانی 2024 رێککەوتن.
ئەم گرێبەستەی بلووز بە راهێنەرایەتی چابی ئالۆنسۆ لەکاتێکدایە مۆرگن لەگەڵ هەڵبژاردەت وڵاتەکەی ئەمشەو لە میانی مۆندیالی 2026 لە یاری دیاریکردنی پلەی سێیەم رووبەڕووی فەڕەنسا دەبنەوە.



