مۆندیال موڵکی مافیای وەکوو تڕامپ نییە؛ داوا دەکرێت ئینگلتەرا و ئەوروپا لە فیفا بکشێنەوە
دەستتێوەردانەکەی تڕامپ و ئاهەنگەکەی ئەرجەنتین، فیفا رووبەڕووی گەورەترین رەخنە دەکەنەوە

یاریگا –
لە کاردانەوەیەکی توندی سیاسیدا، بەرامبەر بە رووداوەکانی مۆندیالی 2026، پارتی لیبراڵ دیموکراتەکانی بەریتانیا بە فەرمی داوا لە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا دەکەن کە بە یەکجاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی [فیفا] بکشێنەوە.
هۆکارەکەشیان بۆ بەزاندنی هێڵە سوورەکان لەلایەن جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفاوە دەگەڕێننەوە و داوای دامەزراندنی دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی تۆپی پێی جیهانی دەکەن.
Infantino must go.
No matter where it’s held, the World Cup belongs to the fans – not gangsters like Trump.
We need someone who’ll finally kick corruption out of FIFA.
— Ed Davey (@EdwardJDavey) July 6, 2026
هۆکاری ئەم داواکارییە چییە؟
سێر ئید دەیڤی، سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکراتەکان کە سێیەم گەورەترین پارتی بەریتانیایە، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، فیفا بە ‘وێرانبوو’ وەسف دەکات. رەخنەکانی ئەو بەتایبەتی لەسەر دوو رووداوی گەورەی ئەم مۆندیالە چڕبوونەتەوە؛
دەستێوەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ
دەیڤی ئاماژە بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تڕإامپ بۆ جیانی ئینفانتینۆ دەکات، کە تێیدا تڕامپ داوای هەڵوەشاندنەوەی کارتی سووری فۆلارین بالۆگەنی یاریزانی ئەمریکای کردبوو.
ئاهەنگگێڕانە ئابڕووبەرەکەی ئەرجەنتین
رەخنەیەکی دیکە لە بێدەنگی و سستیی فیفایە بەرامبەر ئەو کارە ئیستفزازییەی یاریزانانی ئەرجەنتین، کە دوای بردنەوەیان لە ئینگلتەرا، پۆستەری سەروەریی وڵاتەکەیان بەسەر دوورگەکانی فۆلکلانددا بەرزکردەوە.
“مۆندیال موڵکی مافیاکان نییە”
دەیڤی بەتوندی هێرشی کردە سەر سەرۆکی فیفا و گوتی؛
لەو دیمەنە گوماناوییەی کە ترامپ تەلەفۆن بۆ ئینفانتینۆ دەکات بۆ سڕینەوەی کارتێکی سوور، تاوەکوو دەگاتە سستیی فیفا بەرامبەر ئەرجەنتین، ئینفانتینۆ هێڵە سوورەکانی بەزاندووە. ئەو رێگەی داوە دەستێوەردانی سیاسی و چاوچنۆکیی کۆمپانیاکان بەتەواوی دەستپاکی ئەم یارییە جوانەمان لەناوببات.
هەروەها سەبارەت بە بەرزیی نرخی بلیتەکانیش رەخنەی گرت و گوتی؛
مۆندیال موڵکی هاندەرانە، نەک مافیاکانی وەکوو ترامپ. کاتی ئەوە هاتووە ئینگلتەرا و ئەوروپا یەکبگرن و بەجێیبهێڵن، با لەگەڵ کیشوەرەکانی دیکە دەستەیەکی پاک و شەفاف دروست بکەین کە هاندەر بخاتە پێش هەموو شتێکەوە.
بەرگرییەکانی فیفا و داهاتووی ئینفانتینۆ
لە بەرامبەردا، فیفا بەرگری لە بڕیارەکانی دەکات و رایدەگەیەنێت کە بڕیاری سڕینەوەی سزاکەی بالۆگەن لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆی تەمبێکردنەوە دراوە.
هەروەها سەبارەت بە گرانیی بلیتەکان، فیفا دەڵێت نرخەکان هاوتان لەگەڵ رووداوە وەرزشییە گەورەکانی ئەمریکا و قازانجەکەشی بۆ گەشەپێدانی تۆپی پێ لە جیهاندا بەکاردێت.
سەرەڕای ئەم هەموو رەخنە و هێرشانەی لەلایەن سیاسییەکان، هاندەران و بەشێک لە فیدراسیۆنە ئەورووپییەکانی وەکوو فەرەنسا و ئەڵمانیاوە لێی دەگیرێت، پێدەچێت جیانی ئینفانتینۆ لە ساڵی داهاتوودا بە بێ هیچ رکابەرێک بۆ جاری چوارەم پۆستی سەرۆکایەتی فیفا وەربگرێتەوە.
جێگای سەرنجیشە کە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا پێشوەختە پاڵپشتی خۆی بۆ مانەوەی ئینفانتینۆ راگەیاندووە و بەدەم ئەم بانگەوازانەوە نەچووە.


