ئیسپانیاگرنگترین

یاسای ئێمباپێ چییە و بۆچی بارسێلۆنا پێی نیگەرانە؟

Yariga App

یاریگا –

یاسایەکی نوێ لە مەدرید دەرچووە کە بەناوی یاسای ئێمباپێیە و لەم دواییانەدا لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی مەدریدەوە باسی لێوە دەکرێت، بەتەواوی بە زیانی بارسێلۆنا و بە قازانجی یانەکانی مەدریدە.

ئەم بابەتە لە زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەدا باس دەکرێت کە لە یانە کەتەلۆنییەکە ئەنجام دەدرێن و سەرکردەکانی یانەکە دڵنیای دەدەنەوە کە ئەمە بابەتێکە کە دەتوانرێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی دەستەی بەڕێوەبەری یانەکەدا بە جددی تاوتوێ بکرێت. “یاسا نوێیەکەی ئێمباپێ” توورەیەکی زۆری بەڕێوبەرانی بارسێلۆنای بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە بارسێلۆنا پێیان وایە بەم یاسایە رکابەری ریال مەحاڵ دەبێت، هەروەک چۆن لە بازاڕدا رکابەریکردنی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان زۆر قورسە. لە راستیدا ئەم یاسایە کێشەیەک بۆ کێشەکانی تری بارسا زیاد دەکات و ئەمەش نادادپەروەرییەکی رەهایە. لە بارسێلۆنا دەڵێن ریال هاوشێوەی یانە حکومییەکان دەبێت.

یاسای ئێمباپێ چییە؟

بەپێی ئەم یاسایە هەر کەسێکی بیانی لە مەدرید نیشتەجێ بێت و وەبەرهێنان لەم شارەدا بکات (وەبەرهێنان بۆ کڕینی موڵکی نیشتەجێبوون لەم یاسایەدا نییە) دەتوانێت سوودمەند بێت لە لێخۆشبوونی 20% لە باج.

لە ئیسپانیا دەگوترێت جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هاوکات دەبێت لەگەڵ ئەو کاتەی ریال مەدرید بە فەرمی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ رادەگەیەنێت. خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە یاساکەی ئێمباپێ هەرکاتێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر وەبەرهێنەرێک لە 1ی 1ی 2024 وەبەرهێنانی لە مەدرید کردبێت، ئەم یاسایە دەیگرێتەوە.

ئیزابێل دیاز ئایۆسۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی مەدرید، ئەو کەسەیە کە لە ساڵی 2023ەوە هەوڵی پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەدات. دواجار بە ئامانجەکەی گەیشت و ئەنجومەنی شارەکە بە زۆرینەی دەنگ یاسای ئێمباپێی پەسەند کرد. خاتوو ئیزابێل ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە دەڵێن پارێزگار بە نیازە خزمەتێکی باش بە ریال مەدرید و ئێمباپێ بکات و دەشڵێت تاکە ئامانج هاندانی کۆچبەرانە بۆ کۆچکردن بۆ ئیسپانیا و بەتایبەتی بۆ شاری مەدرید. دەشڵێت، پارێزگاری مەدرید چاوی لەوەیە وەبەرهێنەرانی بیانی رابکێشێت بۆ ئەوەی ئابووری ئەو شارە بەرەو پێشتر بچێت.

ئیزابێل دیاز سەرۆکی ئەنجومەنی شاری مەدرید

ئەم یاسایە هاوشێوەی یاسایەکی ترە کە لە ساڵی 2005 ئەنجومەنی شارەوانی مەدرید پەسەندی کرد و بە ناوی یاسای بێکهام کرا. لەو کاتەدا یاساکە لە هەمان کاتدا جێبەجێ کرا کە دەیڤد بێکهام پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد و ئەستێرە ئینگلیزییەکە سوودی لە لێخۆشبوونی باج وەرگرت.

میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 30 هەزار کەسی بیانی سوودمەند دەبن لە لێخۆشبوونی باج لەم یاسایە نوێیەدا.

وەک چاوەڕوان دەکرا، شارەکانی تری ئیسپانیا و یانە رکابەرەکانی ریال مەدرید ناڕەزایەتیان بەرامبەر ئەم یاسایە هەیە. ئەوان دەڵێن، لە دوای جێبەجێکردنی یاسای ئێمباپێ، یاریزانە بیانییەکانی تیپەکانی دیکەی وەک بارسا ناچارن باجی زیاتر بدەن لە ئەستێرەکانی چوار تیپەکەی پایتەخت وەک ریال مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید و خیتافی و رایۆ ڤایکانۆ و ئەمەش پرەنسیپی دادپەروەری دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button