ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ کەیسی گواستنەوەی ئێمباپێ لە زاری چوار سەرچاوەی جیاوازەوە

لەم راپۆرتەدا، تەواوی وردەکاری و پێشهاتەکانی کەیسی گواستنەوەی ئێمباپێ بزانە

یاریگا –

تاوەکو ئێستا کیلیان ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی لەسەر مانەوە لە پاریس سانجێرمان یاخود پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید نەداوە.

ئاتلێتیک لە چەند سەرچاوەیەکی پەیوەندیدار بە کەیسی گواستنەوەی ئێمباپێ بڵاویکردووەتەوە، سەرەتا ئێمباپێ بڕیاری گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید دابوو، بەڵام کەسایەتییە کاریگەرەکانی دەوروبەری کیلیان بە ئۆفەرەکەی مەدرید رازی نەبوون، ئەمەش هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پڕۆسەکەیە.

سەرچاوەکان بە ئاتلێتیک-یان راگەیاندووە، چەندین لایەنی جیاواز لە کەیسی گواستنەوەی ئێمباپێ رۆڵ دەگێڕن.

گرێبەستی ئێمباپێ لە کۆتایی مانگی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو لەگەڵ پاریس بەسەردەچێت، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە کیلیان ئاگاداری ئۆفەرەکەی مەدرید بووە، بەڵام دەیەوێت زۆرترین قازانج لە گواستنەوەکە بکات.

ئۆفەرەکەی مەدرید کەمتر بوو لە چاوەڕوانییەکانی ئێمباپێ، چونکە لە هاوینی ساڵی 2022 ئۆفەرەکە زۆر زیاتر بوو لە ئۆفەرەکەی ئێستا، سەرەڕای ئەمەش کیلیان دەبێتە خاوەن بەرزترین مووچە لە یانە ئیسپانییەکە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئاتلێتیک، ئۆفەری هاوینی 2022 بریتی بوو لە 130 ملیۆن یۆرۆ و مووچەی ساڵانەشی دەگەیشتە 26 ملیۆن یۆرۆ بەبێ زیادە و شیرینییەکان.

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا، پاریس سانجێرمان چەندین ئۆفەر و بژاردەی جیاوازی خستووەتە بەردەم ئێمباپێ تاوەکو لە پارک دۆ پرێنس بمێنێتەوە. سەرچاوەیەکی نێو دەستەی کارگێڕی پاریس سانجێرمان بە ئاتلێتیکی گوتووە، پاریس ئامادەیە ساڵانە بەبێ شیرینی و زیادەکان، بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ بە ئێمباپێ بدات، ئەم مووچەیە دوای لێبڕینی باج دەبێت.

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئێمباپێ هەیە، پێرێز هێزی سەرەکییە لە پشتەوەی گواستنەوەی کیلیان، چونکە خەونی چەندین ساڵەی سەرمایەدارە گەورەکەی مەدریدە.

هەرچەندە ئۆفەرەکەی ریال مەدرید و پاریس زۆر جیاوازییان هەیە، سەرچاوەکانی نێو دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید دەڵێن، پێرێز لە کۆبوونەوەیەکدا دووپاتیکردووەتەوە، هەموو توانایەکی خستووەتەگەڕ و ئەوەی پێویستە کراوە، تاوەکو گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ واژۆ بکەن و پێی وایە، لە کۆتاییدا کیلیان گرێبەستەکە واژۆ دەکات.

پێرێز زۆر نزیکی گرێبەستی گواستنەوەکانی یاریزانان نەبووە، بەڵام ئەوەی پێرێز ئاگاداری تەواوی وردەکارییەکانی گرێبەستی کیلیانە و خۆی بزوێنەری سەرەکییە.

گفتوگۆکان لە ناوەڕاستی مانگی یەنایەر/کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نێوان ئێمباپێ و ریال مەدرید پەرەیانسەندووە، چونکە لۆس بلانکۆس دەیەوێت بە زووترین کات، کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە و نایەوێت، سیاناریۆی هاوینی 2022 دووبارە ببێتەوە.

سەرچاوەیەکی ریال مەدرید دەڵێت، کیلیان نایەوێت هیچ وادەیەک بۆ ئاشکراکردنی بڕیارەکەی دابنێت، بەڵام ریال مەدرید پێشبینی گەیشتنی بڕیارەکە، لە ماوەیەکی نزیکدا دەکات.

بەشێوەیەکی گشتی، ئێمباپێ پەیامی ئەرێنی بە ریال مەدرید داوە، کەشی گشتی نێوانیان ئەرێنییە، چونکە لە چەند هەفتەی رابردوودا، هەردوولا زۆر خاڵییان یەکلاییکردووەتەوە.

کێشەی سەرەکی بریکار و کەسایەتییە نزیکەکانی ئێمباپێ، بریتییە لە کەمی مووچەی ئەستێرە فەرەنسییەکە لە ریال مەدرید، چونکە ئۆفەرەکەی پاریس زۆر گەورەترە لە ئۆفەری مەدرید، ئەمەش ئاستەنگی سەرەکی دواکەوتنی رێککەوتنی نێوانیانە.

چەندین کەسایەتی گەورەی نێو کارگێڕی پاریس بە مانەوەی ئێمباپێ رەشبینن و پێشبینی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ناکەن، تەنانەت پێیان وایە، لە هاوینی رابردووەوە، ئێمباپێ بڕیاری کۆتاییداوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button