بارسێلۆنا یەکەم گرێبەستی مێرکاتۆی هاوینە یەکلایی دەکاتەوە
گرێبەستێک بۆ ماوەی پێنج وەرز و تاوەکوو هاوینی 2031..

یاریگا –
بارسێلۆنا یەکەم گرێبەستی مێرکاتۆی هاوینە یەکلایی دەکاتەوە و ئالێساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری ئیتاڵی دەگوازێتەوە.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا و ئالێساندرۆ باستۆنی نزیکن لەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و بەرگریکارە ئیتاڵییەکە گرێبەستێک بۆ ماوەی پێنج وەرز و تاوەکوو هاوینی 2031 لەگەڵ یانە کاتالوونیەکە واژۆ دەکات.
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، باستۆنی ئامادەیە ئاسانکاری تەواو بۆ بارسێلۆنا بکات، بەشێوەیەکی بەرچاو مووچەکەی کەمدەکاتەوە بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە گرفت بۆ بارسا دروست نەکات و هەموو هەوڵێک دەدات پەیوەندی بە یانەکە بکات.
🤝 Barça y Bastoni trabajan las bases de un acuerdo por cinco temporadas
⤵️ Todos los detalles:
✍️ @martinezferran https://t.co/4OUXqjDlSf
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) April 21, 2026
ئینتەر میلان بۆ دەستبەرداربوون لە باستۆنی داوای 70 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بەڵام یاریزانەکە بەمزووانە لەگەڵ ئیداری یانەکە کۆدەبێتەوە و داوایان لێدەکات ئەو نرخە کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانێت خەونەکەی بەدیبهێنێت و درێسی بارسێلۆنا بپۆشێت.
رۆژنامە کاتالوونیەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، بەستۆنی پەیامێکی روونی بە ئینتەر میلان داوە، تەنیا لەپێناو پۆشینی درێسی بارسێلۆنا ئامادەیە ئینتەر میلان جێبهێڵێت و ئەگەر ئەو گرێبەستە سەرکەوتوو نەبێت پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی دیکە ناکات.
موندۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە گوایە بارسێلۆنا و باستۆنی گەیشتوونەتە رێککەوتن بەڵام ئەو دەنگۆیە راست نییە، چونکە هێشتا هانزی فلیک رەزامەندی لەسەر گرێبەستەکە دەرنەبڕیووە و بارسێلۆنا چاوەڕێی رووناکی سەوزی راهێنەرە ئەڵمانییەکەیە.
بەڵام بارسێلۆنا و یاریزانەکە هەموو شتێکیان لەنێوان خۆیان یەکلایی کردووەتەوە، ئەگەر فلیک رەزامەندی دەرببڕێت ئەوا هەموو رێکارە فەرمییەکان بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی پێنج وەرزە ئامادەکراون و باستۆنی تاوەکوو 2031 دەبێتە کاتالوونی.



