کاریک دوای شکستهێنان بە چێڵسی : دەمەوێت بمێنمەوە

مایکڵ کاریک پەیامێکی راستەوخۆ بۆ بەرپرسانی مانچێستەر یونایتد دەنێرێت و رایدەگەیەنێت زۆر حەز دەکات گرێبەستەکەی بکرێتە هەمیشەیی.
کاریک وەک راهێنەرێکی کاتیی تاوەکو کۆتایی وەرز جێگەی روبن ئاموریمی گرتەوە، بەڵام ئەنجامەکانی بەشێوەیەک باشن کە وایکردووە خەون بەوە ببینێت یانەکە رێگەی بدەن بە هەمیشەیی ببێتە راهێنەری شەیتانە سوورەکان.
شەوی رابردوو مان یونایتد بە گۆڵێکی بێ وەڵام لەناو لەندەن شكستییان بە چێڵسی هێنا. کاریک سەبارەت بە داهاتووی بۆ تی ئێن تی سپۆرت وتی
“زۆرم پێخۆش دەبێت لێرە بمێنمەوە بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی من دا نیە. ئەوە خەونە کە بەشێک بیت لەم شەوە تایبەتانە، وە تیمێک بنیات بنێیت بەڵام من نازانم تا کەی دەمێنمەوە”.
یونایتد لەم وەرزەی پریمەرلیگ دا لەگەڵ ئاموریم لە 21 یاری تەنها هەشت یاری بردەوە بەڵام کاریک بە بردنەوەکەی شەوی رابردوو توانی هەشتەم بردنەوەی خۆی تۆماربکات لە 12 یاریدا. ئەمەش ئەو یانەیەی کردووەتە خاوەنی پلەی سێهەمی ریزبەندی و 10 خاڵ لە پێش چێڵسییە (پلەی شەشەم) لە رکابەریی گەیشتن بە خولی پاڵەوانەکانی وەرزی داهاتوو.



