ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

شیکارییەک بۆ ئامارە سەیرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید؛ بارسێلۆنا دەبێتە قوربانیی ئامارە فێڵاوییەکە

بۆچی ئاتلێتیکۆ 29 ساڵە لە ناو یاریگای خۆی نەدۆڕاوە؟

Yariga App

یاریگا –

ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەمشەو لە یاریگای خۆی میوانداریی بارسێلۆنا دەکات، بە ئامانجی پاراستنی ئەنجامی یاریی چوون 2-0 و بڕینی بلیتی گەیشتن بە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ. دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئەرجەنتینی، پەنا بۆ ئامارێکی مێژوویی دەبات کە لە ساڵی 1997ـەوە نەشکاوە، بەڵام ئەم ئامارە بێ فێڵ نییە!

قەڵا نەبەزێندراوەکەی سیمیۆنی
ئاتلێتیکۆ مەدرید لەوەتەی ساڵی 1997ـەوە هیچ یارییەکی ناو یاریگای خۆی لە قۆناخەکانی یەکلاییکەرەوەی چامپیۆنزلیگ نەدۆڕاندووە؛ دوایین شکست دەگەڕێتەوە بۆ یارییەک بەرامبەر ئەیاکس 3-2 لە یاریگای ڤیسێنتی کاڵدیرۆن.

کاتێک سیمیۆنی لە ساڵی 2011ـەوە ئەرکی راهێنانی گرتووەتە دەست، ئامارەکە بووەتە دێوەزمە بۆ تیپەکانی ئەوروپا؛ 20 یاریی لە قۆناخی کرانەدەرەوە لە مەدرید کردووە و دووچاری هیچ شکستێک نەبووە! (14 بردنەوە، 6 یەکسانبوون و سفر شکست)، بەوەش سیمیۆنی تاکە راهێنەرە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا ئەم ژمارە پێوانەییەی هەبێت.

فێڵەکە لە کوێدایە؟
 چەند تێبینییەکی گرنگ هەن کە پێویستە لەبەرچاوبگیرێن؛

  1. دابڕانی درێژخایەن؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید 11 وەرزی یەک لەدوای یەک لە 1997 تاوەکوو 2008 بەشداریی لە چامپیۆنزلیگ نەکردووە، دواتریش لە 2010 تاوەکوو 2013 دابڕایەوە.
  2. دەرکران لە قۆناخی کۆمەڵەکان؛ لە وەرزەکانی 2009 – 2010، 2017- 2018 و 2022- 2023، تیپەکە نەیتوانیوە قۆناخی کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت، بۆیە لەو ساڵانەشدا هیچ یارییەکی قۆناخی کرانەدەرەوەی لە یاریگای خۆی نەکردووە.
  3. فێڵە گەورەکە؛ لە وەرزی 2020-2021، ئاتلێتیکۆ لە یاریی ناو یاریگای خۆی بە چێڵسی دۆڕا 0-1، بەڵام بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆنا، یارییەکە لە بوداپێست (رۆمانیا) کرا نەک لە مەدرید، بۆیە لە رووی تەکنیکییەوە وەکوو شکستی ناو یاریگای خۆی هەژمار نەکرا و ئامارەکەی سیمیۆنی بە زیندوویی مایەوە.

بارسێلۆنا و خەونی ریمۆنتادا
سیمیۆنی بۆ ئەم یارییە تەواوی تواناکانی تیپەکەی لەبەردەستدایە، تەنانەت لە یاریی رابردووی لالیگا بەرامبەر سێڤییا بە تیپی دووەم یاریی کرد تاوەکوو بە ئامادەیی تەواو بچنە نێو ئەو یارییەوە. لە بەرامبەردا، ئەستێرەکانی بارسێلۆنا پێیان وایە گەڕانەوە لە میترۆپۆلیتانۆ پێویستی بە پەرجوو نییە و دەتوانن ئەو قەڵایە تێکبشکێنن کە 29 ساڵە لە چامپیۆنزلیگدا نەڕووخاوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button