
یاریگا –
دۆمینیک سۆبۆسلای رایدەگەیەنێت هیچ پەرەسەندێک لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە و گومان لەسەر داهاتووی خۆی لەگەڵ لیڤەرپووڵ دروستدەکات.
سۆبۆسلای تاوەکوو هاوینی ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ لیڤەرپووڵ هەیە و یەکێکە لە یاریزانە گرنگەکانی یانەکە و لەم وەرزە لە چەندین پێگەی جیاواز بەهۆی پێکانی یاریزانان یاریی کردووە، سەرەڕای ئەوەش لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی لە 15 گۆڵدا کردووە.
ناوەڕاستکارە هەنگارییەکە لەدوای یارییەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ بۆ میدیاکان قسەی کرد و رایگەیاند کە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی وەستاون.
نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم پەرەسەندنی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵام ئەگەر ئۆفەری گونجاوم بێتە بەر دەست ئەوکات بڕیار دەدەم، هیوادارم لە کۆتاییدا هەمووان دڵخۆش بن.
لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لە یاریکردن لە باڵی راستی بەرگریی کرد؛
من ناوەڕاستکارم، هیواخوازم بەم زووانە باڵە بەرگرییەکانمان بگەڕێنەوە و بتوانم بگەڕێمەوە ناوەڕاست، بەڵام ئەگەر تیپەکە پێویستی بە من بێت، هەموو هەوڵی خۆم دەدەم.
ناوەڕاستکارە 25 ساڵانییەکە لە هاوینی ساڵی 2023 بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە لیڤەرپووڵ کرد، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 127 یاریی بە درێسی رێدز کردووە، لەو ژمارە یارییە توانیوەتی 21 گۆڵ و 23 ئەسیست بکات.



