
یاریگا –
دۆمۆنیک سۆبۆسلای بە دەنگی هاندەران وەکوو باشترین یاریزانی وەرزی 2025-2026ـی تیمی پیاوانی لیڤەرپوول هەڵبژێردرا.
ناوەڕاستکارە هەنگارییەکە بۆ یەکەمجار ئەم خەڵاتەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی زیاتر لە دوو لەسەر سێی دەنگی هاندەرانی لە ماڵپەڕی فەرمی لیڤەرپوولدا بەدەستهێنا. سۆبۆسلای وەرزێکی نایابی بەڕێکرد و یەکێک بوو لە جێ متمانەترین یاریزانەکانی تیمەکە بە درێژایی وەرزی یارییەکان، لە کۆی 57 یاریی لیڤەرپوول، لە 53 یارییدا بەشداریی کرد و لە سەرجەمیاندا سەرەکی بوو.
ئەم یاریزانە تەمەن 25 ساڵانە وەرزەکەی بە 13 گۆڵ و 12 ئەسیست کۆتایی پێهێنا، کە لە رووی ئەسیستەوە لە پێشەنگی تیمەکەیدا بوو. ئەگەرچی لە بنەڕەتدا یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە، بەڵام لە کاتی پێویستدا لە پێگەی بەرگریکاری راستیشدا یاریی کردووە.
بەم ئاستە بەرزەش، دۆمینیک توانی پێنج خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگ و هەشت خەڵاتی باشترین یاریزانی یاریی بەدەستبهێنێت.
ئەم یاریزانە هەنگارییە بە چەندین گۆڵی سەرنجڕاکێش سەرنجی هەمووانی راستەوخۆ راکێشا. هەشت گۆڵی ئەو خرانە نێو لیستی کورتکراوەی 20 گۆڵی لیڤەرپوول بۆ خەڵاتی باشترین گۆڵی وەرزی پیاوان. چوار لەو گۆڵانە لە رێگەی لێدانی راستەوخۆوە لە یارییەکانی پرێمەرلیگدا کران، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی بۆ یانەکە تۆمارکرد وەکوو زۆرترین گۆڵی لێدانی راستەوخۆ، کە لە لایەن یاریزانێکی لیڤەرپوولەوە لە یەک وەرزی پرێمەرلیگدا کرابێت.
هاوکات لە مانگی نیساندا لە ماوەی سێیەم وەرزی خۆیدا لە ئانفێڵد، سۆبۆسلای بوو بە تەنیا دووەم یاریزانی هەنگاری لە مێژوودا کە بگاتە 100 یاری لە پرێمەرلیگ. دوای ئەم وەرزە سەرنجڕاکێشە، هاندەرانی لیڤەرپوول پاداشتی ماندووبوونی سۆبۆسلای’ـیان دایەوە و ناوی ئەویان وەکوو باشترین یاریزانی وەرزەکەیان دیارییکرد.


