ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

شوێنگرەوەی رۆمێرۆ؛ تۆتنهام ئۆفەر پێشکەشی بەرگریکارێکی هۆڵەندی دەکات

ئۆفەرەکە زۆر کەم بووە

Yariga App

یاریگا –

یانەی تۆتنهام ئۆفەرێکی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی هۆڵەندی پێشکەش کردووە، یانەکەی پێی وایە ئۆفەرەکە زۆر کەمە.

ژان پۆل ڤان هیکی تەمەن 25 ساڵ، پێشتر لەگەڵ رۆبێرتۆ دێ زێربی، راهێنەری ئێستای تۆتنهام کاری کردووە کاتێک هەردووکیان لە نێوان ساڵانی 2022 و 2024 لە بڕایتن بوون. پێوەندییە بەهێزەکەی نێوانیان دەکرێت یارمەتیدەری سپێرز بێت لە هەوڵەکەیدا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا.

راهێنەری بڕایتن، فابیان هۆرزلەر سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاندبوو کە پلانی هەیە گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ڤان هیک لەگەڵ خۆیدا بکات. گرێبەستی ئەم بەرگریکارە هۆڵەندییە تاوەکوو ساڵی 2027 بەردەوامە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا ئارەزووی واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ ناکات. هەر لەبەر ئەوە، دەکرێت بڕایتن لەم هاوینەدا بیر لە فرۆشتنی بکاتەوە.

بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکەی لە ساڵی 2027 بەسەردەچێت، چەندین یانە لەم هاوینەدا ئارەزووی خۆیان بۆ ڤان هیک پیشانداوە. بەڵام تۆتنهام هیوادارە کە پێوەندییە پێشووەکەی لەگەڵ دێ زێربیدا یارمەتیدەر بێت بۆ قایلکردنی بۆ گواستنەوەی بۆ باکووری لەندەن.

یان پۆل ڤان هیک، بەرگریکاری بڕایتن

ئەم دڵە بەرگرییە لە ساڵی 2020 لە یانەی برێدای هۆڵەندییەوە پەیوەندی بە بڕایتنەوە کرد. دوای ماوەی خواستن لە یانەکانی هێرێنڤین و بلاکبێرن رۆڤەرز، بووە یاریزانێکی سەرەکی لە تیمی یەکەمدا. ڤان هیک 131 یاریی بۆ بڕایتن کردووە، کە 106 یارییان لە پرێمەرلیگ بووە.

وەرزی رابردوو، ڤان هێکە یەکێک بوو لە گرنگترین بەرگریکارەکانی بڕایتن. لە 36 یاریی پرێمەرلیگدا بە سەرەکی بەشداربوو و تەنیا دوو یاریی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا. هاوكات ڤان هیک بۆ پێکهاتەی هۆڵەندا بۆ مۆندیالی 2026 هەڵبژێردراوە؛ 11 جار بۆ وڵاتەکەی یاریی کردووە و لەم دواییانەشدا لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر جەزائیر بەشداریی کرد.

ڤان هیک لەگەڵ هۆڵەندا بەرامبەر جەزائیر

تۆتنهام هاوكات لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ بەرگریکاری بۆرنمس، مارکۆس سینێسی بۆ ماوەی چوار ساڵ نزیک بووەتەوە. ئارەزووی سپێرز بۆ ڤان هیک بەشێکە لەو نادیارییەی کە لە دەوری داهاتووی کریستیان رۆمێرۆ هەیە. ئەم بەرگریکارە ئەرجەنتینییە کۆتایی وەرزی رابردووی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا و یانەکە دەکرێت بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێت.

ڤان هیک وەکوو یەکێک لە باشترین بەرگریکارە گشتگیرەکانی پرێمەرلیگ سەیر دەکرێت. ئەو لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوەکاندا بەهێزە، لەگەڵ تۆپدا ئاسوودەیە و لە پاسدانیشدا لە هێڵی بەرگرییەوە نایابە. شێوازی یارییکردنی زۆر بە باشی لەگەڵ سیستمی دێ زێربیدا دەگونجێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک، ئۆفەرەکەی تۆتنهام دەستبەجێ رەتکراوەتەوە، چونکە بڕایتن پێی وایە بەهای ئۆفەرەکەی زۆر کەمە و نرخی یاریزانەکە بەلایەنی کەمەوە 70 ملیۆن یۆرۆیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button