پارە دەدات؛ ریال مەدرید لەبارەی مۆرینیۆوە ئاگاداری بە بێنفیکا دەدات
مۆڵەتی بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەسەرچووە

یاریگا –
ریال مەدرید بە نووسراو ئاگادارییەک بۆ یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی دەنێرێت..
بەگوێرەی راپۆرتەکانی رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی، ئەم مەبەستە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک گەیەنراوە (کە دەگوترێت بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە)، کە لە لایەن کەمپینی هەڵبژاردنی فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە بڵاوکرایەوە، کاتێک تێیدا مۆرینیۆ بە درێسی ریال مەدریدەوە دەردەکەوێت، ئەمەش نیشانەی ئارەزووی سەرۆکی ئێستایە بۆ گەڕاندنەوەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی یەکشەممەدا سەربکەوێت.
وەک چۆن پێشتر رۆژنامەی ریکۆرد بڵاوی کردبووەوە، مۆرینیۆ دوای دەرکەوتنی ڤیدیۆکە پەیوەندی بە بێنفیکاوە کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو ڤیدیۆکەی تۆمار نەکردووە و بە زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە.
ئێستا؛ کاردانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ڤیدیۆی راگەیاندنی گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید
دوای ئەوەی مۆڵەتی بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە بەهای حەوت ملیۆن یۆرۆ بەسەرچوو، لە کاتێکدا مۆرینیۆ هێشتا تاوەکوو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ بێنفیکادا هەیە، بەڵام پێدەچێت چارەنووسی بەرەو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێت، دەستەی کارگێڕی بێنفیکا تەنیا چاوەڕێی پارەدانە 15 ملیۆن یۆرۆییەکە بوون. بەگوێرەی سەرچاوەکە، چاوەڕوان دەکرێت ئەو پارەیە هەفتەی داهاتوو بگات.
هاوکات، بێنفیکا ماوەیەکی درێژە پلانی بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک داناوە و بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، متمانەیان بە مارکۆ سێلڤا بەخشیوە، کە پێشتر رێککەوتنیان لەگەڵیدا کردووە بۆ گرێبەستێکی دوو ساڵە لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوە بۆ ساڵی سێیەم.



