
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ بەرگریکاری باڵی چەپ، مارک کوکورێیای لە یانەی چێڵسییەوە راگەیاند.
گواستنەوەی کوکورێیا کە بەهایەکەی بە 55 ملیۆن یۆرۆ، ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم گرێبەستەی ریال مەدرید سوودێکی دارایی بە بارسێلۆنای رکابەری لەمێژینەی دەگەیەنێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کوکورێلیا لە تەمەنی 14 بۆ 20 ساڵیدا لە تیمەکانی لاوانی بارسێلۆنا یاریی کردووە و پێگەیشتووە.
💰 El traspaso de Cucurella dejará dinero al Barçahttps://t.co/UL4COaVqN9 pic.twitter.com/2GLhp9l9Rt
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) June 15, 2026
بەگوێرەی یاساکانی فیفا، لە کاتی کڕین و فرۆشتنی هەر یاریزانێکدا، رێژەی لە %5ـی بڕی گواستنەوەکە دابەش دەکرێت بەسەر ئەو یانانەدا کە یاریزانەکەیان لە تەمەنی 12 بۆ 12 ساڵیدا پێگەیاندووە.
لە تەمەنی 12 بۆ 15 ساڵی: ساڵانە لە %0.25ـی بڕی گواستنەوەکە هەژمار دەکرێت.
لە تەمەنی 16 بۆ 23 ساڵی: ساڵانە %0.5ـی بڕی گواستنەوەکە هەژمار دەکرێت.
بە پشتبەستن بەم یاسایە، بارسێلۆنا مافی ٪%2.5ـی کۆی بڕی گواستنەوەکەی هەیە، ئەمەش دەکاتە بڕی 1.35 ملیۆن یۆرۆ کە لە کڕینەکەی ریال مەدریدەوە دەچێتە گیرفانی یانە کاتالوونییەکە. ئەگەر مەرج و گۆڕانکارییەکانی نێو گرێبەستەکەش جێبەجێ ببن، ئەم بڕە پارەیەی بلاوگرانا زیاتر دەبێت.
جگە لە بارسا، چەند یانەیەکی دیکەش بەهۆی هەمان یاسای فیفاوە بڕێک پارە لەم گواستنەوەیە وەردەگرن؛ خێتافی بڕی 550,000 یۆرۆ، ئیسپانیۆل بڕی 275,00 یۆرۆ و بڕایتن بڕی 275,000 یۆرۆ وەردەگرن.
بە هاتنە ناوەوەی ئەم 1.35 ملیۆن یۆرۆیەی ئێستا وەکوو مافی پێگەیاندن، کۆی ئەو پارەیەی بارسێلۆنا لە مێژووی مامەڵەکانی پەیوەست بە مارک کوکورێیا دەستیکەوتووە دەگاتە 11 ملیۆن یۆرۆ. پێشتر بارسێلۆنا وەکوو یاریزانێکی لاو بە 2 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتییە یانەی ئیبار، پاشان بە 4 ملیۆن یۆرۆ کڕییەوە و دواتر بە 11.8 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتی بە خێتافی.



