خۆڕایی نییە؛ تێچووی گرێبەستی بێرناردۆ سیلڤا لەسەر ریال مەدرید ئاشکرا دەبێت
ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا ئامادە نەبوون ئەو داواکارییە جێبەجێ بکەن

یاریگا –
بێرناردۆ سێلڤا، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی تەمەن 31 ساڵ، یەکێکە لە گرێبەستەکانی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو.
گرێبەستی ئەم یاریزانە پۆرتوگالییە لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی لە لێواری کۆتاییهاتندایە، ئەمەش بەو مانایەیە کە وەکوو یاریزانێکی ئازاد پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکەوە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئێل کۆنفیدێنسیاڵ، ئەم گواستنەوەیە بە تەواوی خۆڕایی نییە.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە کە ریال مەدرید 10 ملیۆن یۆرۆ وەکوو پاداشتی واژۆکردنی گرێبەست بە بێرناردۆ سێلڤا دەدات، لە کاتێکدا 10 ملیۆن یۆرۆیی دیکە بۆ خۆرخێ مێندێشی بریکاری و باوکی یاریزانەکە دەبێت.
بە واتایەکی دیکە، ریال مەدرید 20 ملیۆن یۆرۆ خەرج دەکات بۆ مسۆگەرکردنی تواناکانی بێرناردۆ سێلڤا.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا ئامادە نەبوون ئەو داواکارییانەی پەیوەست بە پاداشتی واژۆکردنی گرێبەستەکە جێبەجێ بکەن. لە لایەکی دیکەوە، ریال مەدرید لەسەر مەرجەکان رێککەوت، ئەمەش لە کۆتاییدا وای لە یاریزانە پۆرتوگالییەکەی هێڵی ناوەڕاست کرد کە ئەم یانەیە هەڵبژێرێت.
چاوەڕوان دەکرێت راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکەی دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال بێت کە ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت. بێرناردۆ سێلڤاش لەم پاڵەوانییەتییەدا نوێنەرایەتی پۆرتوگال دەکات.



