ئارسیناڵ جووڵەی فەرمی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی مەغریبی دەکات
پێنج یانە ململانێی گواستنەوەی دەکەن

یاریگا –
ئارسیناڵ جووڵەی فەرمی بۆ گواستەوەی ئەیوب بوعدی، ناوەڕاستکاری یانەی لیل دەکات.
رۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ گفتوگۆی فەرمی بۆ گواستنەوەی ئەیوب بوعدی، ناوەڕاستکاری مەغریبی یانەی لیل کردووە، میکێل ئارتێتا ئەو یاریزانەی کردووەتە ئامانجێکی سەرەکی مێرکاتۆی هاوینە و هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی دەدات.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئارسیناڵ تاوەکوو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش نەکردووە، بەڵام گفتوگۆی سەرەتایی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە کردووە و یانەی لیلیش ئامادەیە بە 60 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
میکێل ئارتێتا دەیەوێت بۆ وەرزی نوێ چوار ناوەڕاستکاری کاریگەر لە پێکهاتەکەیدا هەبێت، یانەکە سەرەتا هەوڵی بۆ گواستنەوەی ماتیس فێرناندێش، ناوەڕاستکاری وێستهام دەدا، بەڵام هامەرز داوای 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات و گەنەرز بەهۆی زۆری نرخەکەی لەو گرێبەستە کشایەوە.

تایمز ئاماژەی بەوەش کردووە، هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید، پاریس سانجێرمان و چێڵسیش گرنگی بە گواستنەوەی ئەیوب بوعدی دەدەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆک سپۆرتیش، لیڤەرپوولیش هاوشێوەی ئارسیناڵ گفتوگۆی سەرەتایی بۆ گواستنەوەی ئەیوب دەستپێکردووە.
بوعدی لە ئەکادیمیای لیل پێگەیشتووە و تاوەکوو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە، بەگوێرەی ترانسفێر مارکێت بەهای ئێستای ئەو یاریزانە لە بۆڕسەی یاریزانان 50 ملیۆن یۆرۆیە.
ئەو ناوەڕاستکارە 18 ساڵانییە وەرزی 2025/2026 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 42 یاریی بۆ یانەکەی کرد و گۆڵیکی دروستکرد.



