کوکورێیا یان کەسم ناوێت؛ جۆزێ مۆرینیۆ خۆی پەیوەندی بە یاریزانەکەوە دەکات
پرۆسەیەکی خێرا وەکوو بروسکە

یاریگا –
ریال مەدرید رۆژی هەینی دەستی بە پرۆسەکە کرد و بەیانی رۆژی یەکشەممە کۆتایی پێهات.
پرۆسەیەکی خێرا وەکوو بروسکە. بەم شێوەیە دەکرێت پێناسەی گواستنەوەی مارک کوکورێیا بۆ ریال مەدرید بکرێت. هەموو شتێک لە ماوەی چڕترین 48 کاتژمێری ژیانی ئەم یاریزانە روویدا. شەوی هەینی، ریال مەدرید یەکەم ئۆفەری پێشکەش کرد، جۆزێ مۆرینیۆ خۆی پەیوەندی بە یاریزانەکەوە کرد و بەیانی رۆژی یەکشەممە هەموو شتێک واژۆ کرا. بەهای گواستنەوەکە 55 ملیۆن یۆرۆی جێگیر دەبێت لەگەڵ 5 ملیۆن یۆرۆ وەکوو گۆڕانکاری و بەیانی رۆژی دووشەممە بە فەرمی رادەگەیەنرێت.
هەینی، یەکەم پەیوەندی
“کوکورێیا یان کەسم ناوێت”. ئەمە ئەو پەیامە بوو کە جۆزێ مۆرینیۆ گەیاندیە بەشی وەرزشیی ریال مەدرید، بۆیە یانەکە دەستبەجێ دەستی بە کارکردن کرد بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی. لە درەنگانی ئێوارەی هەینیدا، یەکەم ئۆفەر پێشکەشکرا و دانوستانەکان بەخێرایی لەنێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەڕێوەچوون.
رۆژی شەممە رۆژێکی گەرموگوڕ بوو. ژمارەکان، ماوەی گرێبەستەکە، گۆڕانکارییەکان… مەیلی هەمووان ئەوە بوو کە لە زووترین کاتدا بگەنە رێککەوتن و لە حاڵەتێکدا ئەگەر یاریزانەکە گومانی هەبووایە، کەسایەتی سەرەکی پرۆسەکە هاتە نێو بابەتەکەوە کە ئەویش جۆزێ مۆرینیۆ بوو.

پەیوەندییەکەی مۆرینیۆ
مۆرینیۆ بە تەواوی هاتە نێو پرۆسەی کوکورێیا، مۆبایلەکەی هەڵگرت و پەیوەندی بە بەرگریکارەکەوە کرد. جۆزێ لە پەیوەندییەکەدا بە کوکۆرێیای گوت: “من تۆم لە پڕۆژەکەمدا دەوێت، تۆ یان کەسم ناوێت.”
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە باوەڕی وایە کە مارک یەکێکە لەو پارچانەی کە پێویستییەتی بۆ ئەوەی پێکهاتەی ریال مەدرید تۆکمەتر بکات و ئەمەشی بۆ یاریزانەکە روون کردەوە کە لەنێو کەمپی راهێنانی ئیسپانیا لە چاتانوگاوە، گڵۆپی سەوزی بۆ چوونەپێشەوەی هەموو شتێکدا دوای گفتوگۆیەکی هێمن لەگەڵ ئەو پیاوەی کە دەبێتە راهێنەری نوێی.
رێککەوتن لە رۆژی یەکشەممە و راگەیاندن لە رۆژی دووشەممە
بە رەزامەندی هەموو لایەنە بەشداربووەکان، گرێبەستەکە بەفەرمی لەم یەکشەممەیەدا کۆتایی پێهات. پرۆسەیەکی خێرا وەکوو بروسکە کە تەنانەت 48 کاتژمێریش لەنێوان یەکەم ئۆفەری فەرمی ریال مەدرید و واژۆکردنی گرێبەستەکەدا تێنەپەڕی.
لەو ساتەدا، هەواڵەکە لە یانە لەندەنییەکەوە دزەی پێکرا لە هەمان ئەو کاتەی کە مارک کوکورێیا بەشداریی لە کۆتا خولی راهێنانی ئیسانیادا دەکرد پێش یەکەم دەرکەوتنیان لە مۆندیال بەرامبەر کەیپ ڤێردی. زانیارییەکان دەنگدانەوەی لەنێو شاندی ئیسپانیا دروستکرد، چونکە بەهۆی ئەو نهێنیپارێزی و خێراییەی کە پرۆسەکەی پێ بەڕێوەچوو، هیچ کەس ئاگاداریی ئەوە نەبوو کە گواستنەوەکە روودەدات.
ریال مەدرید بەیانی رۆژی دووشەممە و پێش یەکەم یاریی ئیسپانیا لە مۆندیال، بەفەرمی گواستنەوەکە رادەگەیەنێت.

پشتیوانیی راهێنەری تیمی نیشتمانی
یەکێک لە یەکەم کاردانەوەکان بۆ گواستنەوەی کوکورێیا بۆ ریال مەدرید لەلایەن لویس دێلا فۆینتێی راهێنەری ئیسپانیاوە بوو کاتێک گوتی:
ئێمە هەمیشە دڵخۆش دەبین بەو دۆخانەی کە یاریزانان دڵخۆش دەکەن. ئەمە دۆخێکی نائاسوودە دروست ناکات. هیچ کەس شتێک ناکات کە کاریگەریی لەسەر گرووپەکە هەبێت. ئێمە خۆشحاڵین. ئەمە هەواڵێکی باشە و ئاهەنگی بۆ دەگێڕین. منیش هێندەی ئەوان دڵخۆشم.
نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ لە تێچووی گواستنەوەکاندا
ئەو 55 ملیۆن یۆرۆ جێگیرە لەگەڵ 5 ملیۆن یۆرۆ وەکوو گۆڕانکاری کە ریال مەدرید دەیدات، مارک کوکورێیا دەخاتە نێوان ئەو یاریزانانەی کە زۆرترین پارەیان لە تێچووی گواستنەوەکاندا خەرجکراوە.
زیاتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ لە ماوەی کاروانی وەرزشییدا؛ ئەو 65 ملیۆن یۆرۆیەی چێڵسی بە بڕایتنی دا، ئەو نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆیەی بڕایتن بە خیتافی دا، ئەو زیاتر لە 10 ملیۆن یۆرۆیەی خیتافی بە بارسێلۆنای دا… و ئێستاش ئەو 55 ملیۆن یۆرۆ کۆتاییە لەگەڵ 5 ملیۆن یۆرۆ کە ریال مەدرید دەیدات.



