یانەی خوازیار لە فران و سیبایۆس هاتووەتەپێش، لە چامپیۆنزلیگ دانابڕێن

یاریگا –
چالاکیەکانی گواستنەوەی ریال مەدرید لەم هاوینە دوای دەستنیشانکردنی خۆزێ مۆرینیۆ وەک راهێنەری نوێ، چەند یاریزانێکی ئێستای شاهانەکانی خستووەتە لیستی فرۆشتنەوە و یانەی خوازیاریش هاتووەتەپیش.
ریال مەدرید تا ئێستا چوار گواستنەوەی یەکلایی کردووەتەوە کە سێ بەرگریکار و ناوەڕاستکارێکە. ئەوانیش ئیبراهیما کۆناتێ، دێنزێل دومفریس، مارک کوکورێیا و بێرناردۆ سیلڤایە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆنامەی ئاس، دوای ئەو گواستنەوانە شوێنێک بۆ رۆڵی فران گارسیا و دانی سیبایۆس نەماوەتەوە. ئێستا یانەی ریال بێتیس هەوڵی گواستنەوەیان دەدات.
ئەو دوو یاریزانە هەر لە سەردەمی سێ راهێنەری پێشووی ریال مەدرید، کارلۆ ئانچێلۆتی، چابی ئالۆنسۆ و ئارڤالۆ ئاربێلوا پێگەی سەرەکییبوونیان لە ریزەکانی مێرێنگی نەمابوو.
گارسیا کە لە پێگەی بەرگری چەپ یاریی دەکات، کوڕی یانەیەکەیە. جگە لە ماوەی نێوان 2020-2023 کە لە ریزەکانی رایۆ ڤایکانۆ بووە، هەر لەگەڵ قەڵای سپی ماوەتەوە. دوای گواستنەوەی کوکورێیا چیدیکە ناتوانێت کێبڕكێی پێگەکەی بکات. ئەوە بەتایبەت کە هەر لەو جێگەیە فێرلاند مێندی و ئالڤارۆ کارێراسیش هەن.
هەرچی سیبایۆسە، لەوەتەی سەردەمی ئانچێلۆتیەوە پشتگوێخراوە و چەندجارێکیش نیازی خۆی بۆ رۆشتن پیشانداوە. دوای گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا بۆ هێڵی ناوەند، بژاردەکانی بەردەست مۆرینیۆ زۆرتربوونە. بەوەش یاریزانە ئیسپانیەکە لە هەرکاتێک باشتر تێدەگات رکابەرێتیکردن بۆ پێگەکەی ئاسان نەماوە. پێشتریش ئەزموونی لەگەڵ بێتیس هەیە کاتێک لە ماوەی 2014-2017 لەو یانەیە بووە.
رەنگە هەردوو یاریزانەکە هەردوو یاریزانەکە دەستپێشخەرییەکەی بێتیس بەباشی بیر لێبکەنەوە و بە بەڵێ وەڵام بدەنەوە، ئەوەش جیا لەو هۆکارانەی سەرەوە، لەبەرئەوەش کە یانە ئەندەلووسیەکە بلیتی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووی پێیە.



