
یاریگا –
دۆمینیک سۆبۆسلای، ئەستێرەی هێڵی ناوەندی هەڵبژاردەی هەنگاریا و یانەی لیڤەرپوول، پەیامێکی روونی سەبارەت بە داهاتووی خۆی بڵاوکردەوە و تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی کارگێڕی یانەکەیەوە.
سەرەڕای پێشکەشکردنی ئاستێکی جێگیر و بوون بە بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی تیپەکەیدا، سۆبۆسلای ئاماژە بەوە دەکات کە مانەوەی درێژخایەنی تەنیا پەیوەست نییە بە ئارەزووی خۆیەوە. سۆبۆسلای لە نوێترین لێدوانیدا دڵسۆزی خۆی بۆ یانەکە و هاندەران دووپات کردەوە و رایگەیاند کە خێزانەکەی لە دۆخێکی زۆر باش و دڵخۆشیدان لە شارەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا نادیارییەک لەسەر داهاتووی گرێبەستەکەی دروست دەکات کاتێک دەڵێت، بڕیارەکە بەتەواوی لە دەستی مندا نەماوە.
بێگومان وای دەبینم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە لیڤەرپوول بمێنمەوە، بەڵام چیدیکە ئەم بابەتە بەدەست من نییە.
🚨 Dominik Szoboszlai: “Of course I see myself here in the long term, but as I say, it is not really in my hands anymore”.
“I love being here, as I said many times; I love the fans and I really like to be here. My family is happy. I’m completely relaxed”. pic.twitter.com/0n6rGYwWvl
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) April 20, 2026
ئەم قسانەی سۆبۆسلای ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە یاریزانەکە چاوەڕێی هەنگاوی کارگێڕییە بۆ گفتوگۆکردن یان نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، وەکوو خۆی دەڵێت، سەرەڕای نادیاری دۆخەکە، ئەو بەتەواوی ئارامە و هیچ فشارێکی لەسەر نییە.
سۆبۆسلای لە ماوەکانی رابردوو ناوی بە یانەی ریال مەدرید بەسترابووەوە، بەگوێرەی سەرچاوە میدییەکان یانە ئیسپانییەکە بەنیازی شۆڕشێکی گەورەی گۆڕانکارییە لە هاوینی داهاتوو و لیڤەرپوولیش بۆ سەقامگیریی مووچەی یانەکە پێویستە دەستبەرداری چەند یاریزانێکی گرنگ ببێت.



