
یاریگا –
دوای ئەو بەیاننامەیەی کە یانەی هەولێر سەبارەت بە کۆتاییهاتنی گرێبەستی راهێنەر باسم قاسم بڵاویکردەوە، ئەحمەد باسم قاسم، کوڕی راهێنەرەکە، بە توندی وەڵامی یانەکەی دایەوە و کارگێڕی ئێستای یانەکە بە بڵاوکردنەوەی درۆ و خۆدزینەوە لە راستییەکان تۆمەتبار دەکات.
بەیاننامەکەتان تەنیا درۆیە
ئەحمەد باسم قاسم لە نووسینێکدا کە ئاراستەی هاندەرانی یانەی هەولێری کردووە، دەڵێت:
“بەداخەوەم کە بەم زمانە قسان دەکەم، بەڵام ناچارم راستییەکان بۆ هاندةرانى ئازیزی هەولێر وون بکەمەوە. ئەوەی لە بەیاننامەکەی کارگێڕی یانەدا هاتووە، درۆیەکە لە دوای درۆیەکی تر.”
ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە باوکی (باسم قاسم) سێ رۆژ (شەممە، یەکشەممە و دووشەممە) چاوەڕێی پەیوەندی یانەکە بووە بۆ رێککەوتن، بەڵام ئەوان بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیانەوە هیچ وەڵامێکیان نەبووە و تەنيا بەڵێنی بێ بنەمایان داوە.
تەحەدایەکی گەورە: کۆنگرەیەک لەژێر چاودێری پارێزگار
کوڕەکەی باسم قاسم گومانی گەورە دەخاتە سەر توانای دارایی یانەکە و دەڵێت: “ئەوانەی ناتوانن مووچەی ئێستای کادیری مەشق و یاریزانەکان و شایستە داراییەکانی وەرزی رابردوو بدەن چۆن دهتوان بەڵێنی نوێ بدەن وەک لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە.
لە هەنگاوێکی کتوپڕدا، ئەحمەد باسم قاسم تەحەدای هەموو ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەکات و داوا دەکات:
1- کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی راستەوخۆ لەبەردەم هەموو کەناڵە کوردییەکان ساز بکرێت.
2- هەموو ئەندامانی کارگێڕی، بەتایبەت ئەوانەی بەیاننامەکەیان نووسیوە، ئامادە بن.
3- کۆنگرەکە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی راستەوخۆی پارێزگاری هەولێر بێت بۆ ئەوەی راستییەکان بۆ جەماوەر ئاشکرا بکرێن.
وەفایەک بۆ مێژووی هەولێر
ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە رێزی زۆریان بۆ مێژووی یانەی هەولێر و جەماوەرەکەی هەیە و ئامادەیە بێتە شارەکە بۆ ئەوەی رووبەڕوو و بە بەڵگەوە درۆکانی کارگێڕی یانەکە بۆ هەمووان دەربخات، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەڵوێستەیان بۆ پاراستنی ئەمانەت و راستگۆییە لەگەڵ جەماوەردا.



