
یاریگا –
لەنێو ململانێیەکی یاسایی درێژخایەندا، دواجار پرسی دەسەڵاتی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بەسەر یانەکانی هەرێمی کوردستاندا یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەنجومەنی شوڕای هەرێم لە بڕیارێکی نوێدا جەخت لەسەر سەربەخۆیی وەرزشیی هەرێم و سنوورداریی دەسەڵاتەکانی بەغدا دەکاتەوە.
دەسەڵاتی رەها بۆ هەرێمی کوردستانە
دوای ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان داوای بۆچوونی یاسایی لە ئەنجومەنی شوڕای هەرێم کرد، ئەنجومەنەکە وەڵامی فەرمی خۆی راگەیاند. بەپێی بڕیارەکە:
بەڕێوەبردنی یانەکان، پێدانی مۆڵەت، سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان، چالاکییەکان و دانانی دەستەی کاتی بۆ یانەکان بەپێی دەستووری عێراق و ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراون، تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، نەک لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق.
پشت ئەستوور بە بڕیاری شوڕای عێراق
ئەم هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆچوونێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پشتی بە بڕیارێکی پێشووتری ئەنجومەنی شوڕای عێراقیش بەستووە.
بەپێی ئەو بڕیارە، لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی یانەکان یان دانانی دەستەی کاتی، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەستوەردانەکانی ئەم دواییەی لێژنەکە لە یانەکانی کوردستان نایاسایی بوون.

پەیامی هەولێر بۆ بەغدا
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، ئەم بۆچوونە یاساییەی کردووەتە نووسراوێکی فەرمی و ئاراستەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراقی کردووە، تێیدا بە روونی داوا کراوە کە دەسەڵاتەکان بگەڕێنەوە بۆ هەرێم و لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی بزانێت و دەستوەرنەداتە کاروباری ناوخۆیی یانەکانی کوردستان.
بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبن
لەبارەی بەشداریی یانەکانی کوردستان لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەی عێراق، بڕیارەکە دڵنیایی دەدات کە هیچ ڕێگرییەک دروست نابێت.
یانەکانی هەرێم دەتوانن وەک بەشێک لە سیستەمی وەرزشی عێراق لە چالاکییە دەرەکییەکاندا ئامادە بن، بەبێ ئەوەی ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی لێژنەی ئۆڵێمپی بەغدا دەستوەردان لە کاروباری کارگێڕی و هەڵبژاردنەکانیان بکات.
ئەم هەنگاوە یاساییە، سەقامگیرییەکی زۆر بۆ یانەکانی کوردستان دەگەڕێنێتەوە کە ماوەیەکە بەهۆی بڕیارە جیاوازەکانی بەغداوە لە دڵەڕاوکێدا بوون، یانەکان دەتوانن لەژێر چەتری یاساکانی هەرێمی کوردستاندا کارەکانیان ڕێکبخەنەوە



