لامین یامال؛ ئەو یاریزانەی بەر لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری خەریکی نووسینەوەی چیرۆکێکی ئەفسووناوییە
کڕۆکی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بەرنامەی 60 Minutesی کەناڵی CBS

یاریگا و 60 Minutes –
60 مینست یەکێکە لە کاریگەرترین بەرنامەکان لە مێژووی میدیادا، ستایڵێکی کلاسیکی و دانیشتنی یەک بەرامبەر یەکی هەیە و سەدان چاوپێکەوتنی تایبەتی لەگەڵ کەسایەتییە کاریگەرەکان کردووە.
لامین یامال دەستپێکێکی ناوازەی لە کاروانی تۆپی پێی خۆی تۆمارکردووە و سەرنجی هەمووانی بۆ خۆی راکێشاوە.
ئەستێرەکەی بارسێلۆنا هێشتا 18 ساڵی تەواو نەکردووە، پلەی دووەمی خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و ئەم دەستکەوتە، قەبارەی کاریگەری ئەستێرەکە لەسەر لاکێشەی سەوز سەرەڕای بچووکی تەمەنی پیشاندەدات.
لەم سەردەمەدا، ناوی یامال لە زۆربەی دانیشتنی هەوادارانی تۆپی پێ هەیە، هەرچەندە مشتومڕی زۆر لەسەر کراوە، بەڵام وەکو ئەستێرەیەکی درەوشاوە خۆی سەلماندووە.
یامال لە باوکێکی مەغریبی و دایکێکی گینیای کەمەری لە ئیسپانیا لەدایکبووە، لامین لە گەڕەکی رۆکافۆندای میللی گەورە بووە. گەڕەکەکە مەنزڵگای گەورەی پەنابەرانی ئەفریقای باکوورە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی بارسێلۆنا.
لامین لەسەر شەقامی قیڕکراو و یاریگای چیمەنتۆیی، بەهرەمەندی خۆی پیشاندا، یاریگا چیمەنتۆییەکە وەکو شانۆی خەونەکانی یامال بوو، ئەوکاتە کەس نەیدەزانی ژیان و قەدەر یامال بەرەو کوێ دەبات.
یامال میوانی بەرنامەی 60 Minutesی بە ناوبانگی کەناڵی CBSی ئەمریکی بوو، ئەستێرە ئیسپانییەکە لەبارەی دەستپێکی ژیانی وەرزشی و تێپەڕکردنی کۆمەڵێک ساتی پڕ لە مەینەتی و کاری قورسی دایک و باوکی خۆییەوە دەڵێت؛
لەو گەڕەکەدا کەس نەیدەزانی لە داهاتوودا دەبێتە چی، ئایا دەبێتە یاریزانی تۆپی پێ، ئەندازیار، وێنەکێش تەنانەت لەوانەیە بێکاریش بژاردە بوو.
View this post on Instagram
لە منداڵییەوە، یامال بەهرەکانی خۆی پیشاندا و هەمووانی سەرسام کردبوو، بەڵام عەبدوول، کە دەکاتە مامی یامال، زۆر بە وردی چاودێری کرد و دەیزانی یامال دەبێتە شتێک. ئێستا عەبدوول کافتێریایەکی بەناوی ”LY 304” هەیە، ژمارەکە پۆست کۆدی گەڕەکی رۆکافۆندایە، مامی یامال لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت؛
یامال لە منداڵییەوە کەسێکی ژیر بوو، خۆی هەموو شتێکی دەکرد، لەو تەمەنەدا گەشەسەندوویی کەسێکی 25 یان 30 ساڵەی هەبوو.
بارسێلۆنا لە دۆزینەوەی توانا و بەهرەکانی یامال دوا نەکەوت، تەنانەت وەکو دۆزینەوەی گەنجینەیەکی پڕ زێڕ سەیرییان دەکرد. تیمی زانیاری دەسخەرانی بارسا لە تەمەنی شەش ساڵیدا، یامالیان دۆزیەوە و هەرزوو ئاوێتەی ئەکادیمیای لاماسیای بەناوبانگ کرا.
لە تەمەنی 15 ساڵیدا، یامال ناوی خۆی لە مێژووی یانە گەورەکەی ئیسپانیا نووسیەوە و بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی یانەکە بەشداری لەگەڵ تیمی یەکەم بکات، ئەوکاتە تەمەنی یامال 15 ساڵ و 126 رۆژ بوو.
یامال زوو بووە یاریزانێکی باڵی بەناوبانگ و بەرگریکارە گەورەکانی یارییەکەی بە ئاسانی دەبڕی، ئەمەش تێکەڵەیەکی بەهرەی زکماک و سەرکەوتنی ئامادەکارانی وەرزشی یاریزانەکە بوو.
یامال بە پێکەنینەوە دەڵێت؛
ئەگەر بەرگریکاری باڵ بوومایە، حەزم نەدەکرد یاریزانێکی باشتر لەمن بەردەوام بمبڕێت. دەچوومە لای و پێم دەگوت، هەندێک لەسەرخۆ بە، ئەگەرنا هاوڕێکانم گرتەی کۆمێدیم بۆ دروستدەکەن و لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویدەکەنەوە.
View this post on Instagram
سەرەڕای بەناوبانگبوونی، یامال لە خۆشەویستی گەڕەکەکەی دانەبڕا و ئێستاش دوای تۆمارکردنی زۆربەی گۆڵەکان، بە هەردوو دەستەکانی ئاماژەی ژمارە ‘304’ دەکات، کە پۆست کۆدی گەڕەکی رۆکافۆندایە.
ئەم ئاماژەیە سادەیە، زۆر مانای جیاواز و رێچکەیەکی قورس و پڕ کۆششی یامال دەبەخشێت، چۆن پەنابەرێک لەسەر یاریگای چیمەنتۆیی گەیشتووەتە یاریگایەکی وەکو کامپ نۆو، منداڵێک کە هیچ لە داهاتووی خۆی دڵنیانەبوو، ئێستاش ببیتە ئەستێرەیەکی گەورەی جیهانی و مووچەی یەک ساڵی بگاتە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار.
چیرۆکی یامال ئاسۆیەکی ‘ئەفسانەیی’ وەرگرتووە، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی یامال بە منداڵی لەگەڵ لیۆنێل مێسی کە لە ساڵی 2007 چرکێندراوە.
ماڵباتی یامال بە تیروپشک ناویان بۆ بەشداریکردن لە دانشتنێکی وێنەگرتن ‘فۆتۆ شووت’ی یاریزانانی بارسێلۆنا بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی یونسێف دەرچوو.
خوان مانفۆرت، وێنە بەناوبانگەکەی مێسی و یامالی گرتووە، ئەوکاتە تەمەنی یامال تەنیا سێ مانگ بوو، لە نێو تەشتێکی پلاستیکی شین لەلایەن لیۆ مێسی هەڵگیرابوو، ئەوکاتە مێسی تەمەنی 20 ساڵ بوو.
18 ساڵ دوای رووداوی تەشتە شینەکە، ئێستا هەردووکیان لەسەر رێچکەی ئەفسانەکانی بارسێلۆنان، یەکێکیان کاروانەکەی لە بارسا تەواوکردووە و هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆری بردووەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە یامال لەسەر رێچکەی بردنەوەی خەڵاتەکەیە.
سەرەڕای ئەمەش، یامال نایەوێت وەکو وەشانێکی نوێی مێسی سەیر بکرێت و دەڵێت؛
مێسی باشترینی مێژووە، هەموومان دەزانین کە نامەوێت ببمە مێسی و مێسیش دەزانێت کە من نامەوێت ببمە ئەو. دەمەوێت بەسەر رێچکەی تایبەتی خۆم هەنگاو بنێم.
View this post on Instagram
سەرەڕای قسەکانی یامال، بەڵام بەراوردکارییەکان دەکرێن، چونکە چەندین خەسڵەتی هاوشێوەیان هەیە و یامال بە بوێری و دروستکردنی جیاوازی لە یەک پاسدا بەناوبانگە، ئەمەش خەسڵەتێکی دیاری لیۆ مێسییە.
یامال نایشارێتەوە، لە ژیانێکی زۆر دوور لە ژیانی ‘ئاسایی’ دەژیت، بەتایبەت بۆ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ؛
گەنجێک لە تەمەنی من، لە قوتابخانە تەواو دەبێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە، کەچی من دەچمە مەشقکردن. کە دەچمە چوار وێنەگر لە بەردەم ماڵەکەم دەبینم و پرسیار لەبارەی ژیانم دەکەن.
تەلەڤزیۆن دەکەمەوە خۆم دەبینم، لە شەقامەکان دەسووڕێمەوە، منداڵ بە درێسی خۆم دەبینم. ناتوانم بۆ خواردنەوەی شتێک بچمە دەرەوە، چونکە خەڵک رامدەگرێت.
یامال هەوڵدەدات ژیانێکی سادە بژیت، زۆربەی کاتەکانی بە ڤیدیۆ گەیم، بەسەربردنی کات لەگەڵ براکەی و مانەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی بەسەردەبات.
لە راستیدا هەمووان وشەی ‘نەخێر’ لەگەڵ من بەکاردەهێنن، ئەگەر بمەوێت بچمە دەرەوە، پێم دەڵێن نەخێر، ئەگەر بمەوێت لە دەرەوە خواردن بخۆم، پێم دەڵێن نەخێر، پرسیارە راستەقینەکە ئەوەیە، گوێ لە کێ بگرم؛ وەڵامەکە دایکمە.
پێدەچێت تووندوتۆڵ و رێکخستنی ژیان لەلایەن دایکییەوە، بەشێکی سەرەکی هاوکێشەی دوورکەوتنەوەی یامال بێت لە کێشەکان، بە تایبەت لە تەمەنێکی بچووکدا ببیتە یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی جیهان و خاوەن بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەدا.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی بردنەوەی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، یامال بە زمانی ئینگلیزی و دەستبەجێ بە ‘بەڵێ’ وەڵامدەداتەوە.
دوور لە درەوشاوەیی لەسەر لاکێشەی سەوز، یامال دیدگایەکی مرۆیی سادە دەگێڕێت؛
دەمەوێت ساتەکانی خەڵک رووناک بکەمەوە، ئەگەر یەکێک نیگەران بێت، دەتوانێت بێتە یاریگا و سەیری یارییەکی من بکات، ئەوکاتە دۆخەکەی باشتر دەبێت و بە دڵخۆشی دەگەڕێتەوە ماڵەوە.



