گرنگترینمۆندیالی 2026

لە مانشێتی گواستنەوەکانەوە بۆ کیسەی نیکۆتین؛ ئەو ماددەیەی لە دۆڵابی مایکڵ ئۆلیس دۆزرایەوە چییە؟

زیانەکانی بۆ یاریزانان چییە؟

Yariga App

یاریگا –

مایکڵ ئۆلیس، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی بایرن میونشن، کە ئەم رۆژانە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەبەسترێتەوە، بەهۆی بابەتێکی دەرەوەی یاریگاوە بووەتە جێگەی سەرنج.

لە کەمپی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ مۆندیالی 2026، قوتوویەک لە کیسەی نیکۆتین لەنێو دۆڵابەکەیدا بینراوە، ئەمەش پرسیاری زۆری لای هاندەران و میدیاکان دروستکردووە.

رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەوبارەیەوە نووسیوە و ماددەکە و زیانەکانی روونکردووەتەوە.

کیسەی نیکۆتین چییە؟

ئەم کیسانە بەرهەمێکی بێ تووتنن کە دەخرێنە نێوان لێو و پووک، و نیکۆتینەکە راستەوخۆ لە رێگەی لینجەپەردەی دەمەوە دەمژرێت. بەپێچەوانەی سنووس ـی سویدییەکان، ئەم کیسانە تووتنیان تێدا نییە و وەکوو بەرهەمێکی سپی هەژمار دەکرێن کە پێکهاتوون لە سێلیلۆز، خوێ، تامبەخش وەکوو نەعنا و شووتی و بڕێک نیکۆتین کە لە نێوان 5 بۆ 20  میلیگرامدایە و کاریگەرییەکەی تاوەکوو کاتژمێرێک دەمێنێتەوە.

دیاردەیەکی بەربڵاو لە تۆپی پێدا

بەکارهێنانی ئەم کیسانە لەنێو یاریزانانی تۆپی پێدا خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی باو، بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی لۆفبۆرۆ لەگەڵ کۆمەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئینگلتەرا، دەرکەوتووە کە لە کۆی هەر پێنج یاریزانێکی پیشەگەر، یەکێکیان ئەم کیسەی نیکۆتینە بەکاردەهێنێت.

مەترسیدارە یان جێگرەوەیەکی تەندروستە؟

سەرەڕای ئەوەی دووکەڵی نییە، بەڵام بێ مەترسی نییە، زۆربەکارهێنانی نیکۆتین دەبێتە هۆی ئالوودەبوون و خێراکردنی لێدانی دڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایانی تەندرووستی پێیان وایە کە ئەمە جێگرەوەیەکی زۆر سەلامەتترە لە جگەرە، چونکە ئەوەی مرۆڤ دەکوژێت سووتانە نەک خودی نیکۆتینەکە.

وڵاتێکی وەکوو سوید بەهۆی بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانەوە رێژەی جگەرەکێشانی گەیاندووەتە لە %3.7 کە نزمترینە لە جیهاندا.

یاسا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟

ئێستا لە زۆربەی وڵاتان بەکارهێنانی ئەم کیسانە یاساییە، بەڵام حکومەتی هەندێک وڵات، وەکوو ئیسپانیا سەرقاڵی دەرکردنی یاسایەکن بۆ ئەوەی رێژەی نیکۆتین لەم کیسانەدا بۆ کەمتر لە یەک میلیگرام کەمبکەنەوە، تاوەکوو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتر و مەترسییەکانی بکەن.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر ئاستی یاریزانان

 سەرەڕای ئەوەی ئەم ماددەیە دەکرێت سەلامەتتر بێت لە جگەرەکێشان، بەڵام بۆ وەرزشوانان بێ مەترسی نییە و دەتوانێت کێشە لە ئاستیاندا دروست بکات، چونکە لێدانی دڵ خێراتر دەکات بە تێکڕای 10 لێدانی زیادە لە خولەکێکدا، دەبێتە هۆی سەرگێژخواردن، دڵتێکەڵهاتن و لە حاڵەتی قورسیشدا سکچوون و خاوبوونەوەی دڵ و کێشەی هەناسەدان، ئەگەری تووشبوون بە بەرگریی ئەنسۆلین زیاد دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button