تایبەت…یاریزانێک کێشەی یاسایی لە نێوان نەورۆز و زەورا دروست دەکات

یاریگا-
یانەی زەورا بەفەرمی واژووکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی یانەی کەرخ حوسێن زەیاد راگەیاند.
حوسێن زەیاد تەمەن 25 ساڵ لە هێڵێ ناوەڕاست یاری دەکات وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و توانی گۆڵێک تۆمار بکات و پێنچ گۆڵ دروست بکات.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی گرێبەستەکە حوسێن زەیاد تووشی کێشەیەکی یاساییە بووە ئەگەری راگرتنی لە یاریکردن هەیە مانگێک پێش ئێستا یاریزانی ناوبراو گرێبەستی فەرمی لەگەڵ یانەی نەورۆز واژووکردووە پاشان گرێبەستی لەگەڵ یانەی زەورا واژوو کرد واتە لە یەک کاتدا لەگەڵ دوو یانە گرێبەستی واژووکردووە.
یانەی زەورا لە ماوەی رابردوودا هەموو هەوڵێکی خۆی ئەنجامدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی حوسێن زیاد لەگەڵ یانەی نەورۆز، بەڵام سەرجەم فشارەکان شکستی هێنا و یانەی نەورۆز سوورە لەسەر ئەوەی، کە ئەم یاریزانە یاریزانی یانەی نەورۆزە و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن بە خۆڕایی.
لە بەرانبەردا راگەیاندنی ئەم گرێبەستە یانەی نەورۆزی تووشی شۆک کردووە و بەنیازە لە روژانی داهاتوو سکاڵای فەرمی تۆماربکات لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق.
جێگەی باسە یانەی زاخۆ لەگەڵ ئەم یاریزانە لەسەرهێڵ بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەڕەزامەندی یانەی نەورۆز یاری بۆ یانەی زاخۆ بکات، بەڵام راگەیاندنی یانەی زەورا شکستی بەسەرجەم هەوڵەکان هێنا بۆ چارەسەرکردن.



