راهێنەری نیوکاسڵ بە نیگەرانییەوە باسی چارەنووسی ئیزاک دەکات
ئێدی هاو گەشبین نییە

یاریگا –
ئێدی هاو، راهێنەری نیوکاسڵ یونایتد بۆ یەکەمجارە لە دوای زیادبوونی دەنگۆکانی ماڵئاوایی ئالێکساندەر ئیزاک، قسە لەبارەی داهاتووی ئەستێرەکە دەکات.
راهێنەری نیوکاسڵ هیواخوازە ئیزاک لە سەینت جەیمسس پارک بمێنێتەوە و دان بە ناڕوونی چارەنووسی یاریزانەکە دەنێت.
ئیزاک بەفەرمی داوای مۆڵەتی جێهێشتنی یانەکەی ئاڕاستەی دەستەی کارگێڕی ماگپایس کردووە، هەر ئەمەش هۆکاری بەشداری نەکردنی ئیزاکە لە گەشتی ئامادەکاری وەرزی نوێی یانەکە لە سینگاپوور.
تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی ئیزاک نەکراوە و لە چەند مانگی رابردووشدا، گفتوگۆی نێوان ئیزاک و نیوکاسڵ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستیانپێکردبوو، بەڵام رێککەوتن نەکراوە.
هێشتا سێ ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی ئیزاک لە نیوکاسڵ ماوە و یانە ئینگلیزییەکە داوای بڕی 150 ملیۆن پاوەند بۆ دەستبەرداربوون لە تواناکانی دەکات.
لیڤەرپوول یەکێکە لەو یانانەی بە جیدی هەوڵی گواستنەوەی ئیزاکی داوە، بەڵام لەدوای گواستنەوەی هوگۆ ئێکیتیکێ، ئەستەمە بەبێ دەستبەرداربوون لە چەند یاریزانێک، بتوانێت ئیزاک بگوازێتەوە.
هاو لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر ئارسیناڵ ، لەبارەی چارەنووسی ئیزاک روونیکردەوە؛
ئیزاک لە نیوکاسڵە و خەریکە کار لەسەر چاکبوونەوەی پێکانەکەی دەکات. هیوادارم بەمزووانە بە درێسی رەش و سپی دەربکەوێتەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەمە ببینین.
بەدڵنیاییەوە چەندین بابەت لە پشتی پەردەوە روودەدەن، گفتوگۆکانی نێوان ئێمە و ئیزاک بەنهێنی دەمێننەوە.
ئیزاک لە ژووری جلگۆڕینی ئێمە زۆر خۆشەویستە و دەمانەوێت لە نیوکاسڵ بمێنێتەوە، ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ناکرێت.
هیوادارم لەگەڵمان بمێنێتەوە، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و دەکرێ هەموو شتێک رووبدات.
گرنگیپێدانی هیلال و لیڤەرپوول
هیلال بە توندی چووەتە نێو رکابەرییەکانی بەدەستهێنانی واژۆی ئالێکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتد.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، هیلال ئۆفەرێکی گەورەی پێشکەشی ئیزاک کردووە. یانە سعوودییەکە ئامادەیە مووچەی هەفتانەی بێ باجی ئیزاک بکاتە 600 هەزار پاوەند (28.800.000 پاوەند ساڵانە)، جیا لە چەندین پاداشتی دیکە.
زۆر ئەستەمە لیڤەرپوول بتوانێت ئۆفەرێکی هاوشێوەی هیلال پێشکەشی ئیزاک بکات، تەنانەت توانای لیڤەرپوولیش بۆ خەرجکردنی 120 ملیۆن پاوەند لاوازە.
لیڤەرپوول لە چەند رۆژی رابردوودا، هوگۆ ئێکیتیکێ، هێرشبەری فەڕەنسی بەبڕ 79 ملیۆن پاوەند لە ئینتراخت فڕانکفورت گواستەوە و پێشتریش فلۆریان ڤیرتزی بەبڕی 120 ملیۆن پاوەند لە بایەر لیڤەرکوزن گواستبووەوە. ئەمە جیا لە گواستنەوەی هەریەکە لە میلۆس کێرکێز لە بۆرنمس (40 ملیۆن پاوەند)، جێرێمی فریمپۆنگ لە لیڤەرکوزن (29.5 ملیۆن پاوەند) و جۆرجی مامارداشڤیڵی لە ڤالێنسیاوە (25 ملیۆن پاوەند).
بە هەژمارکردنی فرۆشتنی هەریەکە لە جاڕێل کوانسا (30 ملیۆن پاوەند بۆ لیڤەرکوزن)، کۆوامین کێڵێهێر (12.5 ملیۆن پاوەند بۆ برێنتفۆرد) و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد (10 ملیۆن پاوەند بۆ ریال مەدرید)، ئەوا خەرجی راستەقینەی لیڤەرپوول دەبێتە 235.5 ملیۆن پاوەند، بەڵام بە فرۆشتنی داروین نونێز و لویس دیاز، ئەوا ئەگەری توانای رازیکردنی نیوکاسڵییان زیاد دەبێت.