بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقگرنگترین

مێرکاتۆی دهۆک؛ دوا زانیاری لەسەر دۆخی رێوان ئەمین و سیپان سدیق

چارەنووسی یانیک زاکری چییە؟ دهۆک ئەحمەد ئیبراهیم دەگوازێتەوە؟

Yariga App

یاریگا –

رێوان ئەمین، یاریزانی یانەی دهۆک یەکێکە لە ناوە دیارەکانی مێرکاتۆی هاوینەی یاریزانان.

لە ماوەی رابردوودا، یانەی زاخۆ هەوڵی گواستنەوەی رێوان ئەمینیدا، بەڵام دواتر یاریزانەکە بڕیاری کۆتاییهێنانی بە گفتوگۆکاندا و سەرنجی تەواوی لەسەر یارییەکانی پلەی ئۆفی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتییەکانی دەرەکی دانا.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی؛ رێوان تاوەکو ئێستا بریاری کۆتایی نەداوە بۆ وەرزی داهاتوو یاری بۆ کام یانە دەکات، بەڵام یاریزانەکەی دهۆک بە جددی بیر لە ئۆفەرێکی یانەی شوڕتە دەکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی یاریگا، بڕیارە رێوان ئەمین بۆ دوایین جار لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک کۆببێتەوە، لە ئەگەری رێکنەکەوتن، رێوان پەیوەندی بە ریزەکانی شوڕتەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.

رێوان، 28 ساڵ، پێنج یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق کردووە و لە جامی کەنداوی بەسرە لەلایەن خێسوس کاساسەوە بانگهێشت کرابوو.

رێوان پێشتر لە یانەی هێرنڤینی هۆڵەندی کاروانی تۆپی پێی دەستپێکردووە، دواتر لە سوید یاری بۆ یانەکانی داڵکورد و ئۆستەرسوند کردووە، ماوەی ساڵ و نیوێکە پەیوەندی بە یانەی دهۆک کردووە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ هەڵگورد قەیس گفتوگۆ لەگەڵ دهۆک دەکات و بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی دەدات.

لەلایەکی دیکەوە، یانەی دهۆک گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەحمەد ئیبراهیم، کاپتنی یانەی زاخۆ دەستپێکردووە، بەڵام زاخۆ نایەوێت بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری کاپتنەکەی ببێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، سیپان سدیق، لە مانەوەی لە یانەی زاخۆ نزیکبوو، بەڵام گفتوگۆکان هەرەسییان هێناوە و جارێکی دیکە گفتوگۆی لەگەڵ دهۆک دەستپێکردووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە، یانەی شوڕتە بڕی 150 ملیۆن دیناری خستووەتە بەردەم سیپان و لە چەند رۆژی داهاتوودا، بڕیاری کۆتاییدەدات.

یانیک زاکیری، یاریزانی کۆتدیڤواری یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی زۆرترین داواکاری لەسەرە و دهۆک بە هەموو شێوەیەک هەوڵی هێشتنەوەی دەدات.

یانیک زاکیری پێشتر یاری بۆ یانەکانی سافی مەغریبی، فەیسەڵی ئوردنی، نەفتی ناوەڕاست، سەن داونسی ئەفریقای باشوور و چەند یانەیەکی دیکە کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button