شەوی بێهیوابوونی گەورەکان؛ ناسنامەی کۆتا دوو یانەی دیکەی ئیتاڵیا بۆ چامپیۆنزلیگ دەرکەوت

یاریگا –
ئەمشەو لە کۆتا هەفتەی خولی ئیتاڵیا نەهامەتی بۆ گەورەکان و دەستکەوتی مێژوویی بۆ یانە تازە دەرکەوتووەکە روویدا.
پێشتر و بەرلە گەڕی کۆتایی، هەریەکە لە ئینتەر میلانی پاڵەوانی سێریائەی و ناپۆلی پلەی دووەم سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردبوو. جەنگەکەیان خستە نێوان رۆما، کۆمۆ، یوڤێنتوس و ئەیسی میلان.
رۆما بە بردنەوەی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە هێلاس ڤیرۆنا وەک پلەی سێیەم سەرکەوت بۆ پاڵەوانێتیە ئەوروپیە گەورەکە. هەرچی تیمە ناوازەکەی سێسک فابریگاسە کە ئەسپی رەشی خولی ئیتاڵی بوون، بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کریمۆنیسی گۆڵبارانکرد و لە خەونی بەشداریکردن لە یۆرۆپالیگەوە گەیشتە سەکۆی چامپیۆنزلیگ کە یەکەم جاری یانەکەیە لە مێژووی دروستبوونیدا. ئەوەش زیاتر بەهۆی شکستی چاوەڕواننەکراوی ئەیسی میلان 1-2 بەرامبەر کالیاریی کە رۆسۆنێری دابەزیە پلەی شەشەم و بەشداری لە یۆرۆپالیگ دەکات.
لە لایەکی دیکەوە خانمە پیرەکە ئەگەرچی بردنەوەی بە گۆڵێکی بێ وەڵام بەرامبەر تۆرینۆ بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ چامپیۆنزلیگ و لە پلەی پێنجەم گیرسایەوە.



