فه‌ره‌نسایۆرۆی 2024

ئێمباپێ باسی یاری کۆتایی مۆندیال و یۆرۆ دەکات

سوپەر کیلیان چاوی لە نووسینەوەی مێژووە

Yariga App

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ زۆر بەپەرۆشە بۆ یۆرۆی 2024 و دەیەوێت نازناوێکی دیکەی نێودەوڵەتی بۆ گەنجینەکەی زیاد بکات، بەڵام رەتیدەکاتەوە باسی دۆڕانی یاری کۆتایی مۆندیالی 2022 بکات.

ئێمباپێ رۆڵێکی باڵای لە بردنەوەی مۆندیالی 2018 گێڕا، هەروەها ئەستێرەیەکی بردنەوەی نازناوی نەیشنز لیگ بوو. جیا لەمەش توانی تیمەکەی بگەیەنێتە یاری کۆتایی مۆندیالی 2022، سەرەڕای تۆمارکردنی هاتریک لە یاری کۆتایی بەرامبەر ئەرجەنتین، بەڵام بە لێدانی یەکلاییکەرەوە، نازناوەکەیان لەدەستدا.

ئێمباپێ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی CNN روونیکردەوە

دەمەوێت یۆرۆ ببەمەوە، بەڕاستی دەمەوێت راستگۆ بم. نازناوی جامی جیهانیم بردووەتەوە، نەیشنز لیگم هەیە، بەڵام تەنیا یۆرۆم نەبردووەتەوە، بۆیە هەموو شتێک لەپێناو بردنەوەی دەکەم. ئەمە یەکەم پاڵەوانیەتییە وەک کاپتن بەشداری دەکەم. بۆیە زۆر گرنگە بەلای منەوە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین. دەمانەوێت فەرەنسا شانازیمان پێوە بکات. ئەمە دەرفەتێکی دیکەیە، تاوەکو مێژوو بۆ وڵاتەکەمان بنووسینەوە.

کیلیان لەبارەی دۆڕانی یاری کۆتایی مۆندیالی 2022 گوتی

پێم وایە دەبێ بەرەوپێش بچین. بەدڵنیاییەوە زۆر ئازارمان چەشت، چونکە نازناوەکە زۆر نزیکبوو، نزیکبووین دوو نازناو لەسەریەک ببەینەوە، ئەمە دەبووە شتێکی زۆر ناوازە و مێژوویی. بەڵام ئەمە بەشێکە لە تۆپی پێ. ئێستا کاتێک سەیری ڤیدیۆکانی یارییەکە دەکەمەوە، بە خەندەوە سەیری دەکەم، چونکە بەشێکە لە مێژوو و دەزانین ئەگەر بگەینەوە یاری کۆتایی، چی بکەین.

ئێمباپێ لە سەرەتای ئەم مانگە، بە فەرمی لە پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، ئێستا چاوەڕوانییەکان بۆ کیلیان زۆر زیادبوون.

دووشەممە، ئێمباپێ یەکەم یاری لەگەڵ فەرەنسا بەرامبەر نەمسا دەکای، دواتر رووبەڕووی هۆڵەندا و پۆڵەندا دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button