ئیسپانیاگرنگترین

سزا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی بارسێلۆنا چی دەبن؟

یاریگا –

بارسێلۆنا رووبەڕووی تۆمەت و لێکۆڵینەوە لەبارەی بەرتیلدان بە ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی ناوبژیوانانی پێشووی ئیسپانیا بووەتەوە. ئەگەر تۆمەتەکانی لەسەر یەکلایی ببێتەوە، ئەوا رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەبێتەوە.

لە بڕیارێکی نوێدا، ئالڤارۆ گارسیا ئۆرتیز، داواکاری گشتی بڕیاریدا، کەیسی نێگریێرا لە نووسینگەکەی بگوازێتەوە دادگای دژە گەندەڵی، بۆ درێژەدان بۆ لێکۆڵینەوەکان و دەرخستنی راستییەکان.

نووسینگەی داواکاری گشتی لە بارسێلۆنا تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری و بەڕێوەبردنی نادادپەروەرانەی ئاراستەی جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ و ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکانی پێشوو و هەروەها ئالبێرت سۆلێر و ئۆسکار گراو، بەڕێوەبەرانی پێشووی یانە کاتالۆنییەکە کردووە.

رۆژنامەی ئێل پایێس بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر دادگا لە دژی بارسێلۆنا بڕیار بدات، ئەوا یانە کاتالۆنییەکە رووبەڕووی چەندین سزای سەخت دەبێتەوە. رەنگە بڕیارەکانی دادگا تاوانی گەندەڵی، ساختەکردن و شاردنەوەی راستییەکان بخاتە پاڵ بارسێلۆنا. سەرباری ئەمەش رەنگە قورسترین سزای ماددی بخرێتە سەر بارسا.

رۆژنامەکە لەسەر زاری چەند راوێژکارێکی یاسایی بڵاویکردووەتەوە، رەنگە سزا ماددیەکە بگاتە سێ ئەوەندەی ئەو قازانجەی ئێستا یانەکە دەیکات، یاخود خاوەندارێتی یانەکە و دەستەی کارگێڕی هەڵبوەشێنێتەوە. هەرچەندە بارسا تۆمارێکی تاوانکاری لە کەیسی نەیمار داسیلڤا هەیە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکارێک بۆ توندکردنی سزاکان، بە بیانووی دووبارەکردنەوەی تاوان.

لەدەستدانی خاوەندارێتی

کەیسێکی دیکە رەنگە رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە، ئەویش وەرگرتنەوەی خاوەندارێتی و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی کارگێڕی یانەکەیە، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی ئێل پایێس ئەستەمە ئەم هەنگاوە بنرێت، چونکە یانەی بارسێلۆنا کەسایەتییەکی مەعنەوی گەورەی هەیە و رەنگە بەم بڕیارە، لێکەوتەی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.

سزاکانی فیفا و یوێفا

لە رێساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ بە روونی باس لە بابەتی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئەنجامی یارییەکان کراوە. لە بەندێکی رێساکانی یوێفادا هاتووە

هەوڵدان بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئەنجامی یارییەکان، لەسەر ئاستی یانەکان و هەڵبژاردەکان بە هەموو شێوەیەک پێچەوانەی یاسایە.

ئاندرۆ کامپێس، سکرتێری یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دووپاتیکردەوە، دەستەی دەستپاکیی یوێفا، داوای زانیاریان لەبارەی کەیسی نێگرێیرا کردووە.

لەسەر ئاستی فیفاشدا، رەنگە بارسێلۆنا بە گوێرەی خاڵی شەشەم لە ماددەی 27 سزا بدرێت، لەو ماددەیەدا هاتووە

لێکۆڵینەوە و سزادانی لایەنەکان دوای سەرپێچی روون کە کرابێتە سەر ئەم یاسایە. لەبارەی تایبەتمەندی فێدراسیۆنەکانی کیشوەری، یەکێتییەکان یان رێکخراوەکانی دیکەی وەرزشی، دەبێ مامەڵە لەگەڵ کەیسەکە بکەن.

بەڵام ئەگەرێکی دیکە هەیە، فیفا بڕیاربدات بچێتە نێو کەیسەکە و دەسەڵاتی خۆی بۆ سزادانی یانەکە بەکاربهێنێت. فیفا توانای هەیە یانەکە دابەزێنێتە خولی پلە دووەکان، یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی خاڵەکانی.

رۆژنامەی لیبێرتاد دیجیتاڵ چەندین بەڵگەی بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیای پێشووی بڵاوکردووەتەوە، کە لە بەرامبەردا بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆی لە بارسێلۆنا وەرگرتووە لە ژێر ناوی پێشکەشکردنی راوێژکاری بە یانە کاتالۆنییەکە لە ساڵانی نێوان 2001 تاوەکو 2018.

لە بڕیارێکی نوێدا، ئالڤارۆ گارسیا ئۆرتیز، داواکاری گشتی بڕیاریدا، کەیسی نێگریێرا لە نووسینگەکەی بگوازێتەوە دادگای دژە گەندەڵی، بۆ درێژەدان بۆ لێکۆڵینەوەکان و دەرخستنی راستییەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button