ئیسپانیاگرنگترین

بەڵگەی نوێ لەبارەی کەیسی ”گەندەڵییەکانی بارسێلۆنا” ئاشکرا کران

یاریگا –

کەیسی نێگرێیرا پێی ناوەتە قۆناخێکی دیکە و بارسێلۆنا هەموو هەوڵێک دەدات، بەڵگەکانی کەیسەکە نەکەوێتە دەست میدیاکان، بەڵام وادیارە فشارەکان زۆرن و بارسێلۆنا چاوەڕێی چارەنووسێکی نادیار دەکات.

رۆژنامەی لیبێرتاد دیجیتاڵ چەندین بەڵگەی بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیای پێشووی بڵاوکردووەتەوە، کە لە بەرامبەردا بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆی لە بارسێلۆنا وەرگرتووە لە ژێر ناوی پێشکەشکردنی راوێژکاری بە یانە کاتالۆنییەکە لە ساڵانی نێوان 2001 تاوەکو 2018.

نووسینگەی داواکاری گشتی لە بارسێلۆنا تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری و بەڕێوەبردنی نادادپەروەرانەی ئاراستەی جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ و ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکانی پێشوو و هەروەها ئالبێرت سۆلێر و ئۆسکار گراو، بەڕێوەبەرانی پێشووی یانە کاتالۆنییەکە کردووە.

رۆژنامەی لیبێرتاد دیجیتاڵ راپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی ”راپۆرتێک لەبارەی ناوبژیوانی نهێنی” بڵاوکردووەتەوە و کۆمەڵێک بەڵگەی تێدایە، کە لە کاتی گەڕان و پشکنینی ماڵی جۆزێپ کۆنترێراس، بەڕێوەبەری پێشووی بارسێلۆنا دۆزراونەتەوە.

کۆنترێراس لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو کۆچی دواییکرد، بەڵام لە سەردەمەکانی خۆزێپ لویز نونێز، خوان گاسپارت و جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، بەشێکی گرنگی دەستەی کارگێڕی یانە کاتالۆنییەکە بوو. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان بێت، کۆنترێراس کۆمیشنی بەڕێژەی 50% دەخستە سەر ئەو پارانەی کە بارسێلۆنا لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان بە یەکێک لەو کۆمپانیانەی دەدا کە نێگرێیرا خاوەنی بوو و ئێستا بەڵگەکان لە نووسینگەی داواکاری گشتی بارسێلۆنان.

نێگرێیرا راپۆرتەکانی ”راوێژکاری” بە بارسێلۆنا دەدا، بەڵام رۆژنامەی لیبێرتاد دیجیتاڵ ئەو راپۆرتانەی بڵاوکردووەتەوە کە بە جۆرێکن، زۆر کورتن و هیچ بنکۆڵکارییان بۆ نەکراوە و ئەوە ناهێنێت، بارسێلۆنا لە بەرامبەر خزمەتە ”راوێژکارییەکانی” نێگرێیرا، ساڵانە بڕی 430 هەزار یۆرۆ خەرج بکات. رۆژنامەکە لەبارەی راپۆرتەکانی نێگرێیرا دەڵێت ”زۆر ناپیشەیی و بە زمانێکی خراپ نووسراون و تەنانەت پڕە لە هەڵەی رێنووسی”.

یەکێک لە بەڵگەکان باس لە ئیگناسیۆ ڤیلانۆڤا، کە ئێستا یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤارە و لە 11ی تشرینی دووەمی 2012 ناوبژیوانی یاری نێوان ریال مایۆرکا و بارسێلۆنا بووە، لەو یارییەدا بارسێلۆنا 4-2 یارییەکەی بردەوە. چاڤی گۆڵێک و لیۆنێل مێسیش دوو گۆڵ و کریستیان تییۆش گۆڵێکی لەو یارییەدا کرد.

نێگرێیرا ئەو راپۆرتەی لە سەردەمی ساندرۆ رۆسێل ئامادە کردووە. ئەو سەرۆکە تەنیا لە ماوەی نێوان کانوونی دووەمی 2011 تاوەکو کانوونی دووەمی 2014، بڕی دوو ملیۆن یۆرۆی بە نێگرێیرا داوە. بە گوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتی، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، بارسێلۆنا بڕی 666 هەزار یۆرۆی بەو کۆمپانیانە داوە کە نێگرێیرا خاوەندارێتی دەکات.

نێگرێیرا چی بۆ بارسێلۆنا ئامادە دەکرد؟

لە بەڵگەکاندا هاتووە، نێگرێیرا پڕۆفایلی ناوبژیوان و تۆماری لە یارییەکانی دژی بارسێلۆنا دەخستەڕوو، هەروەها نێگرێیرا کورتکراوەیەکی لەبارەی ناوبژیوانەکە بۆ بارسێلۆنا دەنووسی، ئەمە یەکێکە لە نموونەکان

لەڕووی جەستەییەوە زۆر ئامادەیە، توانای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی یاریگەی هەیە و دەگاتە تەواوی پارچەکانی یاریگا. بۆیە بەخێرایی بڕیارەکان دەدات. ئەو ناوبژیوانێکی پیشەیی و هونەری زۆر باشە. ئەو یەکێکە لەو ناوبژیوانانەی گۆڕانکاری زۆریان لە هەڵدانی لای ئەم وەرزەدا کردووە. چونکە ناوبژیوانێکی بوێرە و دەتوانێت بڕیار بدات. سەرزەنشتی یاریزانەکان دەکات و دوو دڵ نابێت لە دەرکردنی یاریزانان بە کارتی سوور. ناوبژیوانێکی بوێرە و بە بڕوایەکی زۆرەوە بڕیار دەدات، بۆیە کەسێکی دادپەروەرە لەنێو یاریگادا.

لە بەڵگەیەکی دیکەدا، نێگرێیرا راپۆرتێکی لەبارەی دەیڤد پێرێز پالاس، ناوبژیوانی ئەندەلووسی بۆ بارسێلۆنا ناردووە، ئەمەش بەر لەیارییەکی تیمی دووەمی بارسێلۆنا کە بە بارسێلۆنا بی ناسراوە لە بەرامبەر کۆردۆبا، لە خولی پلە دووی ئیسپانیا.

لەو راپۆرتەدا بە وردی باس لە خاڵە لاوازەکانی ناوبژیوانەکە کراوە و بە تێبینی نووسراوە ”ناوبژیوانێکی توندە و لە کاتی ناڕەزایی یاریزانەکان، کارتی زەرد بە ئاسانی بەرز دەکاتەوە”.

لە بڕیارێکی نوێدا، ئالڤارۆ گارسیا ئۆرتیز، داواکاری گشتی بڕیاریدا، کەیسی نێگریێرا لە نووسینگەکەی بگوازێتەوە دادگای دژە گەندەڵی، بۆ درێژەدان بۆ لێکۆڵینەوەکان و دەرخستنی راستییەکان.

دوێنێ خوان لاپۆرتا بە توندی بەرگری لە یانەکەی کرد و رایگەیاند، بە نیازێکی خراپ دەست بەم هەڵمەتە کراوە.

قسەکانی لاپۆرتا هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی سەر یانەکە، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆبڵاویکردووەتەوە، چەند بەرپرسێکی پێشووی یانە کاتالۆنییەکە پارەیان بە ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی پێشووی ناوبژیوانانی ئیسپانیا داوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button