کوردستانگرنگترین

ئەیسەر قاسم: هاوار مەلا محەمەد باشترین یاریزانی کوردە

یاریگا –

ژمارەی یاریزانانی کورد لە خولە ئەوروپییەکان وەرز دوای وەرز زیاد دەبێت، یانەی داڵکوردیش بووەتە دەروازەیەک بۆ گواستنەوەی یاریزانانی کورد بۆ ئەوروپا.

ئەیسەر قاسم، ئەستێرەی کورد و یانەی داڵکوردی سویدی، یەکەم ئەزموونی پیشەگەری خۆی تاقی دەکاتەوە، ئەمەش دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەی زاخۆ.

ئەیسەر قاسم دەیەوێت لەڕێگەی داڵکوردەوە، بگاتە یانە گەورەکانی ئەوروپا و شوێنێک لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق مسۆگەر بکات.

تۆڕی وەرزشی یاریگا دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەیسەر قاسم کردووە و تیایدا باسی لە وردەکارییەکانی پیشەگەری خۆی دەکات.

  1. بەراورد بە 10 ساڵی رابردوودا، ئاستی یاریزانی کورد چەند بەرزبووەتەوە؟

ئاستی یاریزانی کورد بەراورد بە رابردوو زۆر بەرزبووەتەوە، بە تایبەت ئەوانەی لە ئەوروپا پیشەگەرن و تایبەتر، ئەو یاریزانانەی لە ئەوروپا لەدایکبوون و دەژین. یاریزانی کورد بە دوای دەرفەتی گونجاو دەگەڕێت بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت. ئەمەش وایکردووە لە چەند ساڵی رابردوودا، یاریزانی کورد زیاتر درەوشاونەتەوە و سوودیان لە دەرفەتەکان وەرگرتووە.

2. یاریزانی کورد گەیشتووەتە ئاستی پیشەگەرایەتی تەواو؟

یاریزانی کورد ئاستی پیشەگەرایەتی بەرزبووەتەوە، ئێستا لە خولە گەورەکانی ئەوروپای وەک سوید، نەرویج، فەرەنسا، پۆرتوگال و ئینگلتەرا. ئەستێرەی کورد یاری دەکەن و ئەمەش وایکردووە ژمارەی یاریزانانی کورد لە هەڵبژاردەی عێراق زیاد بن. لە دوا یارییە دۆستانییەکەی عێراق، هەریەکە لە پێشەنگ عەبدوڵا، شێرکۆ کەریم، ئوسامە رەشید و ئالان محێدین بانگهێشت کرابوون.

ئەیسەر قاسم
ئەیسەر قاسم لەگەڵ ئاڵای کوردستان لە یانەی داڵکورد

3. داڵکورد دەتوانێت ببێتە دەرگایەک بۆ گەیشتنی یاریزانی کورد بە خولەکانی ئەوروپا؟

بەڵێ، ئێستا چاوەکان لەسەر خولی سویدی زیادبوون و ئەمەش وایکردووە، ئاستی کێبڕکێیەکان بەرزتر بن. ئێستا یانە گەورەکان بە دوای یاریزانی ئاست بەرز دەگەڕێن. بۆ نموونە پێشەنگ عەبدوڵا، ساڵی رابردوو لە داڵکورد یاری دەکرد و ئێستا یاری بۆ یانەی یۆنشۆپینگ دەکات، کە ژمارەیەکی قورسی خولی سویدییە.

4. بۆچی داڵکوردت هەڵبژارد؟ ئایا دەتوانێت بگاتە خولی نایابی سوێدی؟

خەونی من گەیشتن بوو بە داڵکورد، سوپاس بۆ خوا و سوپاسی دەستەی کارگێڕی و راهێنەران دەکەم، کە متمانەیان بە تواناکانم هەبوو، ئەمەش دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی بەرز لە خولی نایابی کوردستان و دواتریش لە خولی نایابی عێراق. بەشێکی زۆری یاریزانانی کوردستان، خەون بە یاری کردن بۆ داڵکورد دەبینن.

ئەیسەر قاسم
ئەیسەر قاسم لە سوید

5. ئەیسەر قاسم چ خەونێکی هەیە؟

خەونی گەورەی من بەشداریکردنە لە چامپیۆنزلیگ، گرنگ نییە لەگەڵ کام یانە بێت. شەو و رۆژ هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە دەدەم، بۆ ئەوەی سەری خەڵکی خۆم و نیشتیمانەکەم بەرز بکەمەوە. خەونێکی دیکەم یاریکردنە بۆ هەڵبژاردەی عێراق و شوێنپێی یاریزانی گەورەی وەک هاوار مەلا محەمەد بکەوم و هەوڵ بدەم، شوێنی ئەو بگرمەوە.

6. کێ سەرکەوتووترین یاریزانی پیشەگەری کوردە؟

بێگومان زۆر یاریزانی کوردی پیشەگەر هەن، بەڵام بە درێژایی مێژوو، بەڕای من هیچ یاریزانێک نەگەیشتووەتە ئاستی هاوار مەلا محەمەد.

7. ئامادەی بگەڕێیتەوە خولی نایابی عێراق؟ کام یانە هەڵدەبژێریت؟

سەرنجی تەواوم لەگەڵ داڵکوردی خۆشەویست داناوە، بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە عێراق، بێ دوو دڵی یانەی زاخۆ هەڵدەبژێرمەوە. ئامادەم بە هەموو شێوەیەک بجەنگم بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانی زاخۆی دەلال. زۆر بیری یاریگا و هاندەرە بەترسەکانی زاخۆ دەکەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button