ئه‌مریکا

ڤیدیۆ: 51 ساڵ پێش ئێستا پێلێی ئەفسانەی ناوداری تۆپی پێ گۆڵی ژمارە 1000ی خۆی تۆمار کرد

یاریگا- پێڵێ، ئەفسانەی تۆپی پێی جیهانی یادێکیتری مێژوویی خۆی دەگێرێت ئەمڕۆ بە 51 ساڵوەگەڕی تۆمار کردنی گۆڵی 1000ـەم لە کاروانی وەرزشی خۆیدا.

ساڵی 1969 بوو، کاتێک سانتۆس و ڤاسکۆ دە گاما ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و سەرجەم 65 هەزار هاندەرەکەی نێو یاریگای ماراکانا بە هاندەرانی یانەی ڕکابەریشەوە چاوەڕێ بوون “پادشا” ئەو ژمارەیە تۆمار بکات. وەک گۆڵپارێزە ئەرجەنتییەکەی ئەو وەختی ڤاسکۆ دەڵێت: “هاواری نێو هاندەران گوێچکەی مرۆڤی کەڕ دەکرد. تەنانەت هاندەرانی خۆشمان لەو کاتەدا لە دژم بوون. وام هەست دەکرد منم و لە دژی هەموو جیهان!”

“گەوهەرە ڕەشەکە” دڵی نەشکاندن و پاداشتی چاوەڕێ کردنەکەی دانەوە و لە پێش چاویان ئەوە ڕووی دا کە بۆ یەکەمین جار مرۆڤێک بگات بە 1000 گۆڵ لە مێژووی تۆپی پێدا.

پێلێ پێشتر لە گێڕانەوەکانیدا باسی لەوە کردووە کە زۆرینەی هاندەرانی ماراکانا دەیانویست ئەو گۆڵە ببینن. بەڵام وەک خۆی دەڵێ: “یاریزانانی ڤاسکۆ هەموو شتێکیان کرد تا ڕێ لەوە بگرن. برینداریانکردم. پێیان دەگوتم ناهێڵین ئەمڕۆ ئەمه ڕوو بدات. بەڵام وەک چارەنووس وا بوو کە هەر تۆماری بکەم، وام کرد. کاتێک چوومە سەر تۆپی لێدانە سزاکە، بۆ یەکەمین جارم بوو لە کاروانی وەرزشیمدا بەو ڕادەیە بشڵەژێم. ئاندرادای گۆڵپارێز ئەو کاتە لە لووتکەی ئاستی خۆیدا بوو. هەرگیز هێندە هەستم بە فشار نەکردبوو. هەڵدەلەرزیم. بەڵام چرکەساتەکە لە بەرژەوەندی من بوو گۆۆۆۆۆۆۆڵ. چ هەستێک بوو! یاریگا هەر تەقیەوە.”

ئەو گۆڵە، کە هاوکات گۆڵی بردنەوەی یارییەکەش بوو بە 12 خولەک پێش تەواوبوونی، فرمێسکی شادی لە چاوی یاریزانە ئەو کات 29 ساڵانەکەی ڕشت و دواتریش پێشکەشی کرده منداڵە هەژارەکانی بەڕازیل.

دیمەنی گۆڵەکە:

بابەتی زیاتر

Back to top button