ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید لە دوو بڕیاری پاشگەز دەبێتەوە

یاریگا –

ریال مەدرید لە بڕیاری بانگهێشت نەکردنی بێڵینگهام بۆ یاریی داهاتووییان پاشگەز دەبێتەوە و ناوی رۆدریگۆش لادەبرێت.

ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر، ریال مەدرید لە یارییەکانی گەڕی 33ـی لالیگا، لە یاریگای خۆسێ لویس مۆنتێرۆ دەبێتە میوانی ریال سۆسیداد.

دوێنێ پێنجشەممە، کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەکە ئاشکرایکرد، جود بێڵینگهامی ئەستێرەی تیپەکە بەهۆی هەوکردنی گەدەی بۆ ئەو یارییە بانگهێشت ناکرێت.

دواتری هەژمارەی فەرمی یانەکە لیستی یاریزانانی تیپەکەی بۆ یارییەکە بڵاوکردەوە، بێڵینگهامیش ناوی لە لیستەکەدا نەبوو.

بەڵام کەمێک لەمەوبەر یانە ئیسپانییەکە لەو بڕیارەی پاشگەز بووەوە، لیستێکی نوێی بۆ یارییەکەی سۆسیداد بڵاوکردەوە و ناوی جودیش بۆ ئەو لیستە زیادکراوە.

هاوکات لە لیستەکەی دوێنێ ناوی رۆدریگۆی بەرازیلی هەبوو، ئەمە لە کاتێکدا کارلۆ ئاماژەی بەوەکردبوو، کە ناوبراو تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزا بووە، بەڵام لە لیستە نوێیەکەدا ناوی ئەو لابراوە و بەشداری یارییەکە ناکات.

بەگوێرەی لێکدانەوەکان پێدەچێت ئەستێرە ئینگلیزەکە لە نەخۆشییەکەی چاکبووبێتەوە و ئامادەبێت بۆ یاریکردن، هەر بۆیە کارلۆ ئەویشی بانگهێشت کردووە، بەڵام وادیارە رۆدریگۆ هێشتا ئامادە نییە بۆ یاریکردن، بۆیە دوورخراوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button