فەرمی؛ هەڵبژاردەی تونس راهێنەری نوێی دەستنیشانکرد

یاریگا –
بەشێوەیەکی فەرمی هێرڤی رێنارد، راهێنەری فەرەنسی وەکوو راهێنەری هەڵبژاردەی تونس دەستنیشانکرا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تونس بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ هێرڤی رێنارد گەیشتوونەتە رێککەوتن و ئەو راهێنەرە فەرەنسییە لە شوێنی سەبری لەمووشی، وەکوو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی تونس دەستنیشانکراوە.
دوای ئەوەی تونس لە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیال 5-1 بە سوید دۆڕا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تونس بڕیاریدا دەستبەجێ سەبری لەمووش لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە دووربخاتەوە.
سەبری لەمووشی یەکەم راهێنەر بوو لە مۆندیالی 2026 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دوای تەنیا یەک یاریی ماڵئاوایی لە تونس کرد.
هێرڤی رێنارد لە مۆندیالی 2022 راهێنەری هەڵبژاردەی سعوودیە بوو، لە یەکەم یاریی سەرکەوتنێکی مێژووییان بەرامبەر ئەرجەنتین بەدستهێنا.
رێنارد دوو جار بووەتە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، لە 11/12 نازناوەکەی بۆ هەڵبژاردەی زامبیا بەدەستهێنا و لە 14/15 هەڵبژاردەی کۆتدیڤواری کردە پاڵەوان.
رێنارد لە مانگی ئاداری 2023 لە پۆستی راهێنەرایەتی سعوودیە دوورخرایەوە، لە هەمان مانگ پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسای وەرگرت و لە مانگی هەشتی 2024 لەە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
ئەو راهێنەرە 57 ساڵانییە لە ئۆکتۆبەری 2024 جارێکی دیکە وەکوو راهێنەری سعوودیە دەستنیشانکرا، بەڵام لە نیسانی 2026 دووبارە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.



