
یاریگا –
بڕونۆ فێرناندێش بە لێدوانەکانی دڵەڕاوکێ دەخاتە نێو دڵی هاندەرانی شەیتانە سوورەکان و داهاتووی لەگەڵ یانەکە دەخاتە ژێر گومانەوە.
کاتێک لە کۆتایی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2018، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە زمانی رابردوو گوتی؛ یاریکردن بۆ ریال مەدرید جوان بوو، هەمووان پێشوەختە زانییان کە کاروانی ئەو لە مەدرید کۆتایی هاتووە. ئێستا، وا دیارە برۆنۆی هاونیشتمانیشی، بە هەمان فێڵی زمانەوانی، هاندەرانی مانچێستەر یونایتدی لە جێهێشتنی ئۆڵد ترافۆرد ئاگاداردەکاتەوە.
زمانێکی تەمومژاوی؛ “حەزم دەکرد نازناوی زیاتر ببەمەوە”
ئەستێرە پورتوگالییەکە لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ تۆڕی ESPN، دەرگای بە رووی کۆمەڵێک گوماندا کردەوە، کاتێک باسی لە کاروانی خۆی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان کرد. برۆنۆ بەراشکاوی گوتی؛
دیارە کە حەزم دەکرد نازناوی زیاترم ببایەتەوە. ئەوەی روویدا بەتەواوی ئەو شتە نەبوو کە بۆ خۆم و بۆ یانەکەش پێشبینیم دەکرد، بەڵام کاتی زۆر باشم بەڕێکرد؛ توانیمان بگەینە چەندین یاری کۆتایی، هەندێکیانمان بردەوە و هەندێکیشمان دۆڕاند.
بەکارهێنانی کرداری رابردوو لە لایەن برۆنۆوە، لە لایەن مێدیاکانەوە وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەگەری کۆتاییهاتنی قۆناخەکەی لە ئینگلتەرا تەماشا دەکرێت.

بۆرسەی گەرمی سعوودیە و بڕگەی 60 ملیۆن دۆلاری
ئەم لێدوانە لە کاتێکی یەکجار هەستیاردا دێت. فێرناندێش، کە خاوەنی ریکۆردی مێژوویی زۆرترین ئەسیستە لە یەک وەرزدا، بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی تەنیا 60 ملیۆن دۆلارە، کە ئەمەش تایبەتە بە یانەکانی دەرەوەی ئینگلتەرا.
خولی سعوودیە ماوەیەکی زۆرە چاوی بڕیوەتە گواستنەوەی ئەندازیارە پورتوگالییەکە و دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لەم مەرجە، بۆمبێکی گەورە لە بازاڕدا بتەقێنێتەوە.
گەڕانەوە بۆ چامپیۆنزلیگ و خەونی مۆندیال
وەرزی داهاتوو مانچێستەر یونایتد بۆ یاریکردن لە خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە. برۆنۆ لەم بارەیەوە رایگەیاند؛
بێگومان، یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ گرنگترین پاڵەوانێتییە، هەمیشە دەمەوێت لەو ئاستەدا بم تاوەکوو لە دژی باشترین تیمی جیهان و ئەوروپا یاریی بکەم.
سەرەڕای ئەوەی ئێستا بڕونۆ بەفەرمی بڕیاری رۆیشتنی نەداوە و تەنیا دەیەوێت لە لووتکەدا بێت، بەڵام لێدوانەکانی پێش گەشتکردنی بۆ مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال، هاندەرانی یونایتدی بەتەواوی نیگەران کردووە.



