هیچ ئارەزوویەکی نییە؛ بریکارەکەی کڵۆپ وەڵامی ئێنریکێ ریکێلمی دەداتەوە
لەگەڵ راوول کۆبووەتەوە؟

یاریگا –
مارک کۆسیکە، بریکاری کارەکانی یۆرگن کلۆپ لە ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا کاردانەوەی بەرامبەر لێدوانەکەی ئێنریکێ ریکێلمی نیشاندا.
هەواڵی بەیاننامەکەی کەمپینی ئێنریکێ ریکێلمی، کە تێیدا نیازی خۆی بۆ دانانی کلۆپ لە ئەگەری سەرکەوتنی وەکوو سەرۆکی نوێی یانەکە ئاشکرا کردبوو، بە خێرایی بڵاوبووەوە، بەڵام وەڵامێکی توندی خێرای بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژنامەی Süddeutsche Zeitungـی ئەڵمانی، بەدوای وەڵامێکدا گەڕا لە لایەن مارک کۆسیکە، نوێنەری یاسایی کلۆپ، ئەویش بە تەواوی دۆخی راهێنەرەکەی روون کردەوە و گوتی:
یۆرگن کلۆپ لە دەور و پێگەی خۆی لە رێد بوڵ دڵخۆشە و هیچ ئارەزوو یان چاوەڕوانییەکی نییە وەکوو راهێنەر لە هیچ یانەیەکدا کار بکات.
هاوكات رۆژنامەنووسێکی دیکەی ئەڵمانی، فلۆریان پڵێتنبێرگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لێدوانی بریکارەکەی کلۆپی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە:
ئەم بابەتە بێزارکەرە. کلۆپ لە پێگەکەی لە رێد بوڵ دڵخۆشە و هیچ ئارەزوویەکی نییە لە یانەیەکدا کار بکات.
تاوەکوو ئێستا، ئەم لێدوانە هاوشێوانەی میدیای ئەڵمانیا پلانەکانی ئێنریکێ ریکێلمی بۆ هێنانی کلۆپ بۆ سەر کورسی راهێنەرایەتی ریال مەدرید لاواز دەکەن، هەرچەندە هێشتا نە خودی کلۆپ و نە بریکارەکەی بەیاننامەیەکی فەرمییان لە رێگەی هەژمارە تایبەتەکانی خۆیانەوە بڵاونەکردووەتەوە.
🚨❌ EXCL | Jürgen Klopp’s agent Marc Kosicke tells me about the latest comments from Enrique Riquelme:
“It’s annoying! Jürgen Klopp is happy in his role at Red Bull and has no ambitions to work as a coach at a club.”
Real Madrid chapter is currently closed for him -… pic.twitter.com/YqXbHQigHs
— Florian Plettenberg (@Plettigoal) June 5, 2026
کەمپینەکەی ریکێلمی شەوی هەیینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندبوو، کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ریال مەدرید، راوول لەگەڵ کلۆپ کۆدەبێتەوە بۆ دانوستان لەسەر هاتنی. سەرچاوەکانی ناو کەمپینەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم بەیاننامەیە پێشتر لەگەڵ راهێنەرە ئەڵمانییەکەدا رێککەوتنی لەسەر کرابوو، چونکە ئەو نەیدەویست بە ئاشکرا ناوی بە کەمپینی هیچ بەربژێرێکەوە ببەسترێتەوە، بەڵام گفتوگۆی لەگەڵ راوول رەت نەکردبووەوە. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی بۆ ئەمە نییە.

ئەمە دەبێتە دووەم پاشەکشەی گەورە کە ریکێلمی سەبارەت بە پڕۆژە وەرزشییەکەی بەری دەکەوێت. یەکەمیان دۆسیەی هاڵاندە. چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ریکێلمی رایگەیاند گرێبەستی هالاند کۆتایی هاتووە، رافایێلا پیمێنتای بریکاری یاریزانەکە و باوکی هاڵاند لە رێگەی نامەی واتسئاپەوە بۆ چەندین رۆژنامەنووس، بابەتەکەیان رەتکردەوە. مانچێستەر سیتیش پێداگری کرد کە هیچ بڕگەیەکی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستەکەیدا نییە.
دووەمیان دۆسیەی کلۆپ. ئەم جارە رەتکردنەوەکە کاتی کەمتری خایاند؛ لێدوانەکانی بریکارەکەی کلۆپ بۆ میدیاکانی ئەڵمانیا بە خێرایی دەرکەوتن و ئەگەری راهێنەرایەتییکردنی ریال مەدریدیان لە لایەن کلۆپەوە بە تەواوی رەتکردەوە.



