هەرگیز پێشتر شتی وام نەدیوە؛ رابیۆ هێرش دەکاتە سەر فەڕەنسا و رەخنە لە هاوتیمەکانی دەگرێت
"شەرمەزارکەرانە چووینە نێو ئەم یارییە"

یاریگا –
ئادریان رابیۆ دوای دۆڕانیان بەرامبەر ئینگلتەرا بە ئاشکرا رەخنەی لە چەند هاوتیمێکی خۆی لە تیمی نیشتمانیی فەڕەنسا گرت و چەند یاریزانێکی تۆمەتبار کرد بە نیشاندانی رەفتاری نەخوازراو لە ماوەی یارییەکەدا.
لەپاڵ مایک ماینان، کیلیان ئێمباپێ و مایکڵ ئۆلیس، رابیۆ یەکێک بوو لەو کەمە یاریزانە سەرەکییانەی کە لە سەرەتای یارییەکەوە بەرامبەر ئینگلتەرا بەشداربوون. یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئەیسی میلان، کە بەهۆی دووەمین دۆڕانی لەسەریەکی فەڕەنسا لە مۆندیالدا زۆر بێهیوا ببوو، دوای دۆڕانە دراماتیکییەکە بە ئەنجامی 6-4 لە میامی، بێدەنگیی نەپاراست.
رابیۆ دوای لێدانی فیکەی کۆتایی بە تۆڕی بیئین سپۆرتسی گوت:
رەفتاری هەندێک یاریزانم بینی کە پێشتر هەرگیز شتی وام نەبینیبوو… بە شێوازێکی شەرمەزارکەرانە چووینە نێو ئەم یارییە! هەندێک رەفتار بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نەبوون!
لێدوانە راشکاوەکانی ئەو سێبەری خستە سەر کۆتا یاریی فەڕەنسا لە پاڵەوانییەتییەکەدا و ماڵاوایی دیدیێ دیشام دوای 14 ساڵ کارکردن وەکوو راهێنەر. ئەم شکستە هاوكات تەنیا سێیەمین جار بوو لە ماوەی کارکردنی دیدیێ دیشامدا کە فەڕەنسا تووشی دوو دۆڕانی لەسەریەک ببێت، ئەمەش وای کرد کۆتایییەکە بۆ قبووڵکردن زیاتر سەخت بێت.
🇫🇷🏴 Adrien Rabiot tacle ses coéquipiers et leur “comportement inadmissible” !#beINFWC2026 pic.twitter.com/dXYIngkdmU
— beIN SPORTS (@beinsports_FR) July 18, 2026
ئینگلتەرا پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم لە میامی، بە ئەنجامی 4-0 پێش کەوت. دیدیێ دیشام لەنێوان دوو گێمدا چەندین گۆڕانکاریی کرد، ئەمەش بووە هۆی گەڕانەوەی فەڕەنسا، بەڵام لە کۆتاییدا بەس نەبوو سەرەڕای ئەوەی تیمی شینپۆشەکان لە قۆناخێکدا ئەنجامەکەیان بۆ 4-3 کەم کردەوە. رایان شەرقی، تیۆ هێرناندێز، ئیبراهیما کۆناتێ و دێزیری دووێ لەو یاریزانانە بوون کە لە پشووی نێوان دوو گێمدا گۆڕدران.
هەرچەندە رابیۆ رەتی کردەوە ناوی هیچ کەسێک ئاشکرا بکات، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکان لێدوانەکانی بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێو تیمەکەدا و ئاڵۆزییەکانی کۆتایی سەردەمی دیدیێ دیشامی زیاتر کردووە.
کاتێک لەسەر لێدوانەکانی رابیۆ پرسیاری لێ کرا، دیدیێ دیشام بە هێمنییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی:
ئەمرۆ نامەوێت شتەکان یەکلایی بکەمەوە، یاریزانەکان بە تەواوی دەزانن من بیر لە چی دەکەمەوە چونکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێیان دەڵێم. وەکوو ئەوەی کیلیان گوتی، هەموو کەسێک پێویستی بە کات بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی روویدا. منیش هەڵەم کرد، دەبوو لە سەرەتاوە بڕیاری دیکە بدەم و لەوانەیە ئەو کاتە شتەکان بە شێوازێکی دیکە بووبان. هەموو کەسێک بەگوێرەی ئاستەکەی بڕیاری لەسەر دەدرێت، دیارە هەندێک یاریزان دەبووایە باشتر کاریان بکردبایە، هیوای باشترینیان بۆ دەخوازم.
بەم شێوەیە، کاروانی مۆندیالی فەڕەنسا لە کەشێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا کۆتایی پێهات، بە شێوازێک کە رەخنە نێوەخۆیییەکان قورسیی بێهیوایی لەدەستدانی سەکۆی خەڵاتەکانیان زیاتر کرد.



