
یاریگا –
گۆڵپارێزەکەی پێشووی ریال مەدرید لە کاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆماریۆی یاریزانی پێشووی تۆپی پێ، باس لە سەخترین قۆناخی کاروانی وەرزشیی خۆی دەکات.
پێوەندییە خراپەکەی نێوان جۆزێ مۆرینیۆ و ئیکەر کاسیاس بۆ چەندین ساڵ بووە مانشێتی سەرەکیی میدیاکان و تەنانەت تاوەکوو ئەمڕۆش، سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، بەردەوامە لە دەنگدانەوە. لە راستییدا، کاسیاس دەیویست زیاتر لە هەمیشە باسی ئەم بەشە ئاڵۆزەی کاروانی وەرزشیی خۆی بکات لە کاتی گفتوگۆکەی لەگەڵ رۆماریۆدا.
گۆڵپارێزە مەدریدییەکە بە روونکردنەوەیەک دەستی پێکرد و گوتی:
ئەوە سەخترین قۆناخی کاروانی وەرزشییم بوو چونکە دەبوو ببمە کاپتن، دەبوو بە بەردەوامی قسەی لەگەڵ بکەم، مامەڵە لەگەڵ چەندین کێشەدا بکەم، لە کۆتاییدا شتێک کە وەکوو هاوسەرگیرییەکی پڕ لە خۆشەویستی و سۆز دەست پێدەکات، هێدی هێدی دەگۆڕێت بۆ جیابوونەوەیەکی تەواو. ئەمڕۆ پێم وایە لەنێوان من و جۆزێدا شتەکان بوونەتە رابردوو. ئەگەر پێویست بکات یەکدی ببینین، یەکدی دەبینین و هیچ شتێک روونادات، بەڵام لەو کاتەدا زۆر قورس بوو.
کاسیاس درێژەی بە روونکردنەوەکەیدا و گوتی:
رەنگە ئەمە سەرەتای رۆیشتنم بووبێت، بەڵام ئەوەش راستییە کە دواتر چامپیۆنزلیگم بردەوە. پێم وایە هەموو شتێک سەرەتا و کۆتاییەکی هەیە. کاتێک کاپتن بیت و ناچار بیت مامەڵە لەگەڵ کێشەی بەردەوامدا بکەیت، نەوەکوو تەنیا لەگەڵ راهێنەر بەڵکوو لەگەڵ یانەکەشدا، لە کۆتاییدا ئەو کێشەیە دەکرێت وات لێبکات زیاتر کینە دروست ببێت، چ یانەکە بەرامبەر من و چ من بەرامبەر یانەکە. بەڵام مەبەستم خودی یانەکە نییە، بەڵکوو خەڵکەکەیە. من تێگەیشتم کە دوای هەموو ئەو شتانەی ئەزموونم کردبوو و تەواوی ئەو ماوەیەی لەوێ بەسەرم برد کە زیاتر لە 15 ساڵ بوو، پێویستم بە هەوایەکی تازە و دابڕان بوو.
ئیکەر بەردەوام بوو و گوتی:
ئێمە هەموومان پێویستمان بە کەمێک هەوای تازە بوو، لە کۆتاییدا من پۆرتۆم هەڵبژارد چونکە لە وڵاتێکی هاوسێدا بوو، نزیک لە ماڵەکەم و دەمویست شێوازێکی دیکە لە تۆپی پێ تاقی بکەمەوە کە جیاواز بێت لەوەی دەمزانی. هەست بە ئاسوودەیی دەکەم و دەمویست لەو شوێنە بم کە خەڵک بە باش و بەسوودم دەزانن. ئەگەر خەڵکانێک هەبن کە بەهای تۆ نەزانن، دەڕۆم. جگە لەوەش، کاتێک سەیری رابردووم کرد، هەموو ئەو شتانەم کردبوو کە پێویست بوو بمکردایە و هەموو ئەو شتانەی کە دەمویست بیانکەم، کە ئەویش چێژوەرگرتن بوو لە تۆپی پێ.



