ئێستا بیبڕن؛ یوێفا وەڵامی سكاڵاکەی هانزی فلیک لەبارەی چیمەنی یاریگای ئاتلێتیکۆ دەداتەوە
دوو داواکاری بارسێلۆنا قبووڵ دەکرێت..

یاریگا –
یوێفا داوا لە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات چیمەنی یاریگاکە ببڕن و پێیان وایە داواکارییەکەی هانزی فلیک یاساییە.
رادیۆی کاتالوونیا بڵاویکردووەتەوە، یوێفا داوای کردووە چیمەنی یاریگای میترۆپۆلیتانۆ بۆ 2.6 سانتیمەتر کورت بکرێتەوە، هەروەها پێش یارییەکە و لەنێوان گێمەکانیش یارگایەکە ئاو بدرێت.
‼️NOVETATS sobre la gespa del Metropolitano:
Després de les queixes de Hansi Flick, la UEFA es compromet amb el Barça i l’Atlètic de Madrid a què la gespa estigui a 26 MIL·LÍMETRES.
També es regarà abans del partit i a la mitja part.#frac1 pic.twitter.com/8hTXWhGWPm
— El Barça juga a RAC1 (@FCBRAC1) April 14, 2026
شەوی رابردوو هانزی فلیک نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی یاریگای مێترۆپۆلیتانۆ پێش رووبەڕووبوونەوە چارەنووسازەکەی یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دەربڕی.
پێش راهێنانەکانی نێو مێترۆپۆلیتانۆ، فلیک چووە لای، کریستیان کۆفۆیدی نوێنەری یوێفا بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی بخاتەڕوو. وێنەکان نیشانی دەدەن کە راهێنەرەکەی بارسا ئاماژە بە بەشێکی یاریگاکە دەکات لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکە.
پێدەچێت سکاڵاکە پەیوەندی بە بەرزیی چیمەنی هەبێت، هەرچەندە دەکرێت سەبارەت بە وشکیی یاریگاکەش بێت.
ئێستا یوێفا وەڵامی داوەتەوە و دڵنیایی داوە کە یاریگاکە رێکدەخرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ یاساکاندا بگونجێت. چیمەنەکە بۆ ئاستی 26 ملیمەتر “2.6 سانتیمەتر” دەبڕدرێت و پێش یارییەکە بە باشی ئاو دەدرێت.
یاریگاکە دوای راهێنانەکان کەمێک کورت کراوەتەوە و دووبارە دەبڕدرێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لەوەی لە چوارچێوەی سنووری یوفا کە 30 ملیمەترە دەمێنێتەوە. لایەنی بەرپرس ئەوەی روون کردووەتەوە کە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆی کادینا کۆپێ، لەکاتێکدا یوێفا بە وردی چاودێریی درێژی چیمەنەکە دەکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر ئاودانی یاریگاکە لای یانەی ئاتلێتیکۆ دەمێنێتەوە، کە دەتوانن بڕیار بدەن ئایا تاوەکوو 60 خولەک پێش دەستپێکردنی یارییەکە و لە نێوان هەردوو گێمەکەدا یاریگاکە ئاو بدەن یان نا.
سەرەڕای بارودۆخەکە فلیک بە هێمنی و بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بابەتەکەدا کرد و ناڕەزایەتیی خۆی روون کردەوە، بەر لە رۆژێک پێش یارییە یەکلاکەرەوەکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە تێیدا بلیتێکی گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی یەکلایی دەبێتەوە.



