
یاریگا –
ئارۆن رامسی، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی وێڵز و ئەستێرەی پێشووی یانەکانی ئارسیناڵ و یوڤێنتوس، بە فەرمی کۆتاییهاتنی کاروانی وەرزشی خۆی لە تەمەنی 35 ساڵیدا راگەیاند.
کۆتاییەکەی دوای شکستی وێڵز هات
رامسی کە خاوەنی 86 یاری نێودەوڵەتییە، دوایین جار لە ساڵی 2024 درێسی نیشتیمانی پۆشی، بەو هیوایەی لەگەڵ وێڵز بەشداری مۆندیال بکات، بەڵام دوای ئەوەی لە یاریی پاشکۆی مۆندیال بەرامبەر بۆسنیا بانگهێشت نەکرا و وێڵزیش شکستیهێنا، بڕیاریدا بە یەکجاری وازبهێنێت. رامسی لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە دوای جێهێشتنی یانەی پوماسی مەکسیکی، بێ یانە مابووەوە.
پەیامی ماڵئاوایی رامسی
رامسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی؛
بڕیارێکی ئاسان نەبوو. جێگەی شانازی بوو بۆ من کە درێسی وێڵزم پۆشی و چەندین ساتەوەختی بێوێنەم تێیدا بەسەر برد. بەبێ هاوکاری راهێنەرەکان و ئەو ستافانەی هاوکارییان کردم، ئەمە بەدینەدەهات.
هەروەها سوپاسی هاندەرانی وێڵزی کرد و گوتی؛
ئێوە لە کاتە خۆش و ناخۆشەکاندا لەگەڵمان بوون، ئێوە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو بوون لە سەرکەوتنەکانمان. سوپاس بۆ هەموو ئەو یانانەی کە شانسی ئەوەم هەبوو یارییان بۆ بکەم و خەونەکانم بەدیبهێنم.
کاروانی وەرزشی رامسی بە کورتی؛
ئارسیناڵ؛ زیاتر لە 10 ساڵ درێسی یانە لەندەنییەکەی پۆشی و سێ جار نازناوی جامی یەکێتی ئینگلتەرای بردەوە.
یانەکانی دیکە؛ یوڤێنتوس، نیس، کاردیف سیتی و رێنجەرز.
وێڵز؛ 86 یاریی نێودەوڵەتی و یەکێک بوو لە ئەستێرە درەوشاوەکانی یۆرۆی 2016.



